بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ١ی ئابی ٢٠٢٣ دژی دواکەوتنی مووچەکانیان بەشێک لە پزیشکانی سنووری پارێزگا سلێمانی و هەڵەبجە، گردبوونەوە و بایکۆتی دەوامیان دەستپێکرد.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی میدیا) سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، بەهۆی نەبوونی مووچە و دواکەوتنی بۆ ماوەی دوو مانگ بەشێک لە پزیشکانی خولاو و پلەبەند کە نزیکەی لە (٦٠٠) پزیشک پێکهاتوون لە بەردەم نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی گردبوونەوە و بایکۆتکردنی دەوامیان ڕاگەیاند.
هەروەها كارمەندانی نەخۆشخانەی مناڵان و مناڵبوون لە پارێزگای هەڵەبجە، بەهۆی دواكەوتنی مووچەوە لە بەردەم نەخۆشخانەکەیان بایكۆتیان ڕاگەیاند و گردبوونەوە.
پزیشکانی مانگرتوو داوا دەکەن مووچەی مانگەکانی (حوزەیران و تەمموز)یان پێبدرێت و میکانیزمی دابەشکردنی مووچە رێکبخرێتەوە.
هاوکات بەشێک لە فەرمانگەکانی دیکەش وەک ئیدارەی (گەرمیان و چەمچەماڵ دەربەندیخان و قەزای شارەزور) بایکۆتی دەوامیان کردووە.
لە هەرێمی كوردستان تائێستا مووچەی مانگی شەشی ئەمساڵی فەرمانبەران دابەشنەكراوە و دوێنێش جوتیار عادل سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیار، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت".