لێدوانی نوێی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە مووچە و بوودجەی هەرێم

وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت" حکومەتی هەرێم هەموو شتێکی پێویستی لە نەوت و داهاتی ناوخۆ ڕادەستی حکومەتی عێراق کردوە، بەڵام حکومەتی عێراق پابەندی رێکەوتنەکە نەبووە و دەشڵێت" بەغدا غەدر لە فەرمانبەرانی هەرێم دەکات بەهۆی ناردنی بودجەی هەرێم بە کەموکورتی". 

پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە" ئێمە ئەوەی لەسەر شانمان بوە لە قەزیەی داهاتی ناوخۆ، داهاتی نەوت لە پێدانی هەموو تەفاسیلات و بەرچاو ڕونیەک کردومانە، حکومەتی عێراقی هەموو داواکاریەکانی جێبەجێکراوە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، بەڵام دەبێت حکومەتی عێراقی ئیلتیزام بکات بە پرۆژە یاسای بودجەوە کە لە پەرلەمانەوە دەرچوە".

وتیشی" ئەمە لە قاڵبدانی هەرێم نیە، بەڵکو غەدرێکە لە فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، لە کاتێکدا هەرێم تەواوی ئەرکەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێ کردوە".

ڕاشیگەیاندووە" نازانم حکومەتی هەرێم دەبێت چی تر بکات بۆئەوەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بنێردرێت، هیوادارین حکومەتی عێراق چیتر ئەم بابەتە نەکاتە کارتێکی سیاسی و فشارێک بۆ برسیکردنی خەڵکی هەرێم، ئێمە نیەتێکی باش نا بینین لە پشت ئەم با بەتەوە".

دەشڵێت" حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی موچە، پشت بە داهاتی ناوخۆ دەبەستێت، لە ڕێگەی داهاتی ناوخۆوە ئەو بابەتە چارەسەر دەکات".

سەبارەت بەوادەی چارەسەری کێشەی موچەخۆران و فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان، پێشەوا هەورامانی رایگەیاندووە" تا حکومەتی عێراق ئیلتیزام نەکات بە پرۆژە یاسای بودجەوە، ئەم کێشەیە چارەسەر نابێت، دۆزینەوەی بەدیلی نەوتیش یەکێک بووە لەو کارانەی لەم کابینەیەدا کاری لەسەر کراوە، بەڵام کاتی دەوێت تا سەرچاوەیەکی بەهێزی داهات دروستبکەین، بەتایبەت تەرکیزمان لەسەر کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاریە، بەڵام ئەوانە بە ساڵیک و دوو ساڵ نابنە سەرچاوەی داهات کە پێویستیت بە داهاتی نەوت نەمێنیت، بەڵام دەتوانن یارمەتیدەربن و پلانەکەش بەوجۆرەیە ئەم کەرتانە ئەوەندە بەهێز بن، کە کاریگەری نەوت لەسەر ئێمە زۆر دیار نەبێت".


PM:07:38:04/08/2023