پارتی‌و یەکێتی‌و نەوەی نوێ‌و ئیسلامییەکان لە کەرکوک لیستی جیایان دەبێت


لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی تۆمارکردنی هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، کورد بە پەرت پەرتبوون دەچێتە هەڵبژاردنەوەو هەریەک لە یەکێتی و پارتی و نەوەی نوێ و ئیسلامییەکان لیستی جیا جیان دەبێت.

كه‌مال كه‌ركووكی، به‌رپرسی مه‌كته‌بی رێكخستنی كه‌ركووك – گه‌رمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان تایبه‌ت به‌ میدیاکانی حزبەکەی راگەیاندووە کە پارتی له‌ كه‌ركووك له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك لایه‌نی سیاسی گفتوگۆی كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن، روونیشكره‌وه‌ له‌ كاتی خۆیدا ناوی ئه‌و لایه‌نانه‌ ئاشكرا ده‌كه‌ن كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ گفتوگۆیان له‌وباره‌یه‌وه‌ كردووه‌.

هەرچی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ حزبی شیوعی و هێشتا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ گۆڕان بۆ ئەوەی ئەو حزبەش بچێتە نێو هاوپەیمانێتییەکەیان.

ئیسلامییەکانی کوردستان، کۆمەڵ و یەکگرتوو بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی کەرکوک دەکەن.

هەرچی نەوەی نوێیە بە لیستێک خۆی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەکات، ئەوە لە کاتێکدایە کە چەندین لیستی کەسایەتییەکانیش ناویان تۆمار کردووە.

بەپێی هەندێک راپرسی سەرەتایی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ١٦ کورسییە، کورسیەک بۆ کۆتای مەسیحییەکانە، لەو ١٥ کورسیەش پێشبینی دەکرێت بە تورکمان و عەرەب ٧ کورسی بهێنن کە نیوەی کورسیەکانە، هەرچی لیستە کوردیەکانە ئەوانیش ٧ کورسی بە دەستدەهێنن، ئەوەی دەمێنێتە ناکۆکییە لەسەر یەک کورسی بۆ یەکلاییکردنەوەی نیوەی کورسییەکان.

بەپێی ئەو راپرسیانە لیستە بچووکەکان و ئەو لیستە تاکە کەسیانەی دروستدەکرێن، زۆربەیان ئەگەر کورسی بە دەست نەهێنن، دەنگەکانیان دەفەوتێت و کاریگەری دەکاتە سەر ژمارەی کورسیەکانی پێکهاتەکە جا کورد بێت، یان عەرەب و تورکمان.  



PM:11:30:06/08/2023