نێچیرڤان بارزانی: ئەرك و بەرپرسیارێتی پارتی مێژوویی و گەورەیە


نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت "ئەرك و بەرپرسیارێتی پارتی مێژوویی و گەورەیە و پارتی ئەمڕۆ بۆ رووبەڕووبوونەوە و تێپەڕاندنی تەحەددییەكان و بەدیهێنانی داهاتوویەكی باشتر، بە ئومێدەوە رێبەرایەتی خەڵكی كوردستان و ئامانجە باڵاكانی دەكات."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 77مین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەو بۆنەیەوە نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی رایگەیاندوە "ئەمڕۆ هێندەی مێژوو و گەو‌رەیی و قوربانیدانی پارتی، ئەرك و بەرپرسیاریەتیی پارتیش مێژوویی و گەورەیە. بۆیە دەبێت وەك هەمیشە ئەوپەڕی ئەرك و بەرپرسیاریەتیی خۆی جێبەجێ بكات و كۆكەرەوەی هەمووان و دەستپێشخەر بێت بۆ چارەسەر و تێپەڕاندنی كێشە و قەیرانەكان".

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەداوە "دەبێت پارێزەر و پێشەنگی تەبایی و یەكڕیزی و پێكەوەیی و یەكتر قبوڵكردن و هاریكاری بێت، رۆڵی كارا و كاریگەری خۆی لە پاراستنی ئازادی و دیموكراسی و ماف و دەستكەوتە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان و چەسپاندنی فیدراڵیدا بگێڕێت."



PM:01:02:16/08/2023