ماوەی چوار رۆژە ئێران ئاوی زێی بچووکی لە دەڤەری راپەڕین گرتۆتەوە

جارێکی تر کۆماری ئیسلامی ئێرانی دەستیکردەوە بە گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک کە دەڕژێتە ناوچەی راپەڕین و، ئەمڕۆ چوار رۆژە گیراوەتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە ئەو ناوچەیە ١٠٠ هەزار دانیشتوان تیایدا دەژین.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین دەڵێت " ئەم ساڵ ئەمە دووەمجارە ئێران سەرچاوەی ئاوی زێی بچووک لە قەڵادزی دەگرێتەوە".

بەرێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین دەشڵێت" یەکەمجار رۆژی ٢٥ـی حوزەیران ئاوەکەی گرتەوە، جاری دووەمیش پێنج رۆژ ئاوەکەی گرتەوە، هاوئاهەنگیمان نییە و ئەویش بەگوێرەی پێویستیی خۆی هەرکات بیەوێت ئاوەکە دەگرێتەوە.".
 
سەلام عومەر دەشڵێت" یەکەم رۆژ کە ئێران ئاوەکەی گرتووەتەوە نەیانتوانیوە ئاوی خواردنەوە بۆ هاونیشتمانیان دابینبکەن، بەڵام ئەمڕۆ و دوێنێ توانیویانە بە نیوەی پێشتر، ئاوی خاوێن بدەنە هاونیشتمانیان کە ئەو دەڤەرە ١٠٠هەزار هاوڵاتی لێ دەژی".
 
دەشڵێت" لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە بەهۆی دروستکردنی بەنداوێک لە سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەردەوام رووبەڕووی ئەو کێشە دەبنەوە".

ئاوی زێی بچووک جگە لەوەی سەرچاوەی ئاوی دانیشتووانی قەڵادزێیە، هاوکات دەڕژێتە بەنداوی دووکان و بەشێکی کۆیە و تەقتەقیش سوود لە هەمان ئاو وەردەگرن.
 
ساڵانە کۆماری ئیسلامی ئێران بە بیانووی کەمی ئاو لە وڵاتەکەی ئاوی زێی بچووک دەگرێتەوە.



AM:08:53:17/08/2023