لە رێگای کامێرای چاودێریەوە، حوکمەتی عێراق چاودێری دەروازە سنوریەکانی هەرێم دەکات


 وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق ئاشکرای کرد بە درێژایی ٢٥٦ کیلۆمەتر ژمارەیەک کامێرای چاودێری لە دەروازە سنورییەکان دادەنێت بەمەبەستی چاودێریکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەو سنورە.

بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی عێراق بەدرێژایی ٢٥٦ کیلۆمەتر لە شارەدێی قۆرەتوو تا ناوچەی هەورامان کامێرای چاودێری دادەنرێت بەمەبەستی چاودێریکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەو سنورانە .

عەمید هەورامان محمد حسێن، لێپسراوی بەشی پەیوەندیەکانی لیوای ٢١ـی پاسەوانی سنوور لە لێدوانێکدا بە (دەنگی ئەمەریکای) ڕاگەیاندووە " ئەو کامێرایانە بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی عێراق دانراون و بۆ چاودێری کردنی ئاڵوگوڕی بازرگانی و هاتن و چوونی ئەو کەسانەیە کە لە سنوورەکانەوە دێن و دەچن وتەنها تیمێکی پسپۆڕ لە فەرماندەی گشتی هێزەچەکدارەکان دەتوانن ووێنەکان ببینن.

بەرپرسەکەی پاسەوانی سنوور سەبارەت بە کواڵیتی و ژمارەی کامێرەکان ڕایگەیاندووە( بەدرێژایی ٢٥٦ کیلۆمەتر کامێرەکان دانراون و کامێرەکان ووێنە و ڤیدیۆش تۆماردەکەن و حەرارین، ڕۆڵێکی باشیان لەکەم کردنەوەی قاچاخ دەبێت و ئێمەش ئاگادارنین، ئایا وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ئاگاداری ئەم هەنگاوەیە یان نا".

بەرپرسانی خاڵە سنووریەکان بێئاگایی خۆیان لەم هەنگاوە پێشان دەدەن و ئاماژە بەوە دەکەن، ئەوان ئەو کامێرایانەی کە هەیانە سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانن و بە سیستەمێکی کۆمپیوتەری ئاڵگۆڕی بازرگانی ئەنجام دەدرێت و سەرجەم ئاڵوگۆڕەکانیش لە چوار چێوەی یاسادان .

مەریوان کەریم، لێپسراوی ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا هیچ کامێرایەکی چاودێری عێراق لەناو مەرزەکە دانەنراوە و هیچ لایەنێکیش بە ڕەسمی ئاگاداریان نەکردووینەتەوە کە کامێرا دادەنرێت، ئەو ئاڵوگۆڕەی لە مەرزی باشماخ دەکرێت ، سەرجەمی یاساییە ودوورە لە قاچاخەوە، سیستەمی گومرگیەکەی لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەستراوەتەوە و داهاتەکەی ڕاستەوخۆ دەچێتە خەزێنەی حکومەتی هەرێمی کوردستان .

دانانی کامێراکانی چاودێری لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە لە خاڵە سنووریەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان خوێندنەوەی جیاوازی بۆدەکرێت و بەشێک لە چاودێرانی ئابوری دەڵێن، ئەم هەنگاوە هێمایە بۆ کەمی متمانەی حکومەتی ناوەند بە حکومەتی هەرێم و کەم کردنەوەی دەسەڵاتەکانییەتی لە خاڵە سنووریەکان.

لەوچوارچێوەیەدا سەرکۆ یونس، چاودێری ئابوری ئاماژەی بەوەدەدات، ئەم هەنگاوانەی حکومەتی عێراق لە دوای گەڕانەوەی وەفدی چاودێری دارایی حکومەتی ناوەندەوە دێن کە لە دوای سەردانیان بۆ هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق دەیەوێت خۆی سەرپەرشتی و چاودێری ڕاستەوخۆی ئەو داهاتانە بکات کە لەمەرزەکاندا هەیە .

ئەو چاودێرە دەشڵێت، حکومەتی عێراق گومانیان لەداتاکانی هەرێمی کوردستان هەیە و متمانەیان پێ نییە، حکومەتی فیدڕاڵ دەیەوێ خۆی داتاکان و داهاتەکان کۆبکاتەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێ کردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت و کەپێشتر وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی خاڵە سنووریەکانی کردووە. لەم کاتەشدا لەبەر کەمبوونەوەی داهاتەکانی و ئەو فشارەی لەسەر حکومەتی هەرێم هەیە پێناچێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت ڕێگری لەم هەنگاوەی حکومەتی ناوەند بکات”.



PM:08:19:20/08/2023