ستران عەبدوڵا: ئەو کەسانەی لەیەکێتی دەرکراون بەشداری کۆنگرەیان پێناکرێت

وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ستران عەبدوڵا ڕایدەگەیەنێت "ئەو سەرکردایەتیانەی لە قاڵبی دەرکراوەکاندان بەشداری کۆنگرە ناکەن"

لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ میدیایەکی نزیک یەکێتی ستران عەبدوڵا وتەبێژی ئەو حیزبە ڕایدەگەیەنێت کە" ئەو سەرکردایەتیە نوێیەی لە کۆنگرەوە هەڵدەبژێردرێت ئەوان سەرکردایەتی پڕۆسەی هەڵبژاردن دەکەن".

لەدرێژەی لێدوانەکەدا وتەبێژەکەی یەکێتی وتیشی" سازدانی کۆنگرە پێش هەڵبژاردن خۆ نوێکردنەوەیە لەڕووی سیاسەت وبەرنامە و ڕیزەکانی یەکێتی".

لەبارەی ئەو ئەندامانەی یەکێتی کە بەشداری کۆنگرەی پینجەم دەکەن و ئەوانەی دور خراونەتەوە، ستران عەبدوڵا وتی: " بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ یەکێتی تەنها ئەو ئەندامانە بەشداری دەکەن کە ئەندامی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئەوانەی بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ لەیەکێتی دەرکراو بەشداری ناکەن لە کۆنگرەدا".( بەپێی لێدوانی ناوبراو بێت بەبێ ناو هێنانیان، لاهور شیخ جەنگی و هاوڕێکانی کە دورخراونەتەوە لە یەکێتی،بەشداری کۆنگرەیان پێ ناکرێت).

وتەبێژەکە لەبارەی بەشداری کردنی ئەندامانی کۆنگرەوە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەندامانی سەرکردایەتی ئێستا وئەندامانی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەکانی یەکێتی و، ئەو پێشمەرگانەی کە لە ساڵی ١٩٧٦ وە پەیوەندیان بەیەکێتییەوە کردووە خەباتیان کردووە ئەندامی کۆنگرە دەبن.
وا بڕیارە ٢٧ی ئەیلولی ئەم ساڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆنگرەی پێنجەمی خۆی ساز بکات.







PM:05:15:22/08/2023