ئاژانسێكی هەواڵی نزیك لە پەكەكە رایدەگەیەنێت "ئامانجی سەردانی هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ عێراق و كوردستان چوارچێوەیەكی هەواڵگری پیلانگێڕیش لە دژی گەلی كورد بەگشتی و باشوری كوردستان بەتایبەتی، لە خۆدەگرێت".
ئێوارەی ئەمڕۆ هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا گەیشتە شاری بەغداو بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق كۆببێتەوە و رۆژی پێنجشەممەش سەردانی كوردستان دەكات.
ئاژانسی هەواڵی فوراتنیوزی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان بڵاویكردۆتەوە "سەردانی هاكان فیدان بۆ بەغدا و هەرێمی كوردستان، سەردانێكی دیپلۆماسی ئاسایی نییە، بەڵكو چوارچێوەیەكی هەواڵگری پیلانگێڕیش لە دژی گەلی كورد بەگشتی و باشوری كوردستان بەتایبەتی، لە خۆدەگرێت".
فوراتنیوز ئاماژەی بەوەكردووە "بە پێی سەرچاوە فەرمییەكانی وەزارەتی دەرەوەی حكومەتی عێراق، ئامانجی سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ بەغدا، بۆ چەند پرسێكی وەك ئاو، نەوتی هەرێم و هێنانە ناوەوەی كۆمپانیا توركیانە بۆ عێراق دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەوەی لە هەگبەی هاكان فیدانی بەرپرسی پێشووی دەزگای میتدا هەیە، شتێكی دیكە و زۆرینەی پرسەكانی ئەم سەردانە پەیوەستە بە بایەتی ئەمنی و پیلانگێڕیی لەدژی گەلی كورد لە باشوری كوردستان".
هەروەها وتیەتی "جیا لەوەی لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و ناوەندە فەرمییەكانەوە، وەك ئەجێندای سەردانی وەزیری دەرەوەی توركیا بڵاودەكرێتەوە، سەردانەكە بابەتی ئامادەكاری بۆ سەردانی تەیب ئەردۆغان بۆ عێراق و چەند پرسی دیكەی ئەمنیش لەخۆدەگرێت".
فوراتنیوز دەڵێت "بەشێكی دیكەش لە ئامانجی سەردانەكەی زەمینەخۆشكردن و ئامادەكردنی رای گشتییە لە رێگەی میدیاكانی پەدەكەوە، بۆ رەوایەتیدان بە چاوساغی و بەشداریكردنی پەدەكە لە ھێرشكردنەسەر پەكەكە و گەریلاكانی ئازادیی كوردستان لە زاپ، ئاڤاشین و مەتینا".