وەزیری دەرەوەی توركیا لە بەغداوە هێرشی بۆ سەر پەكەكە دووپاتكردەوە


هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا لە شاری بەغداوە جارێكی دیكە هیرَشەكانی بۆ سەر پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دووپاتكردەوە و رایگەیاند "پەكەكە رێكخراوێكی تیرۆریستییە".

ئەمشەو سێشەممە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغدا پێشوازی لە هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا كرد و دوای كۆبوونەوەی كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیان سازكرد.

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا باسیان لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات كردووە و هەردوولا هاوڕابوون لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكان و وتی "هەندێكجار كۆسپ بۆ پەیوەندییەكان دروست دەبێت، بەڵام دووپاتمان كردەوە كە بە گفتوگۆ كێشەكان و ئەو كۆسپانە چارەسەربكەین".

فوئاد حسێن روونیكردەوە "پێشكەوتنی بەرچاو لە پەیوەندییە ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەیە و850 كۆمپانیای توركی لە عێراقدا كاردەكەن كە زۆرینەیان لە بوارەكانی ئاوەدانكردەوە و وەبەرهێناندا كاردەكەن".

هەروەها وەزیری دەرەوەی عێراق وتی "لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا باسیان لە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت لە بەندەری جەیهان و گرێبەستەكان كرد و هەروەها لە دۆسیەی ئەمنیدا گفتوگۆ لەبارەی بوونی سەربازانی توركیا لەسەر خاكی عێراق و هەڕەشە ئەمنییەكان لەسەر ئەو وڵاتە كە حكومەتی عێراق پابەندە بە دەستوور كە رێگە بە هیچ حزب و گرووپێك نادات ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ".

لەلایەكی دیكەوە هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند "بە گرنگییەوە باسمان لە پاراستنی سەروەری و سەلامەتی خاكی عێراق كرد لەسەر ئەو بنەمایەش دەمانەوێت كە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ عێراق پەرەپێدان بێت و پاڵپشتی ئەنقەرەش بۆ حكومەتی عێراق دەردەبڕین لەپێناو گەشەپێدانی وڵاتەكەی و چەسپاندنی ئاسایش و هەوڵدانی بۆ بەرەوپێشبردنی ئابووری و ژێرخانی وڵاتەكەی".

وەزیری دەرەوەی توركیا وتی "پەكەكە رێكخراوێكی تیرۆریستییە و پێویستە رێگە بە دوژمنە هاوبەشەكەمان نەدەین كە لە چالاكییەكانیان بەردەوام بێت و ببێتە هەڕەشە لەسەر سەروەری خاكی عێراقیش".

هاكان فیدان دەڵێت "پەكەكە قەندیل، كەمپی مەخموور، شنگال و سلێمانی داگیركردووە و لە هەوڵی ئەوەدایە كە سنوورەكان بخاتە یەك رێڕەو بۆ هاتووچۆی تیرۆریستان لە نێوان عێراق و سووریا".



PM:10:01:22/08/2023