شاسوار عەبدولواحید: ئەمجارە ٨٠٠ هەزار گەنج دەنگ دەدەن


سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت، بەشداریكردنی خەڵك لە هەڵبژاردن دۆخی هەرێم بەرەو باشتر دەبات و كێشەكانی خەڵك چارەسەر دەكات، هەروەها دەڵێت، ٨٠٠ هەزار گەنج دەتوانن دەنگ بدەن واتە دیاریكردنی ٦٠ كورسی پەرلەمان بە دەست گەنجانە.

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاندووە "لایەنەكانی دەسەڵات مەبەستیانە خەڵك لە هەڵبژاردن سارد بكەنەوە، بەڵام ئەگەر خەڵكی بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن نەكەن ئەوا دووبارە لایەنەكانی دەسەڵاتی ئێستا دەبنەوە براوەی كورسییەكانی پەرلەمان".

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "ئەگەر خەڵكی بایكۆت بكەن ئەوا كێشەكانی دابەشنەكردنی موچە و بێكاری گەنجان و دانەمەزراندنی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەگەر رێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردن لە ئاستێكی بەرزدا بێت دۆخی هەرێم بەرەو باشتر دەڕوات.

شاسوار عەبدولواحید روونیكردۆتەوە "لە هەڵبژاردنی ئەمجارە ٨٠٠ هەزار گەنج دەتوانن دەنگ بدەن واتە دیاریكردنی ٦٠ كورسی پەرلەمانی هەرێم بەدەست گەنجانە".

بڕیارە رۆژی ٢٥ی مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێم بەڕێوەبچێت.



PM:04:34:26/08/2023