لەبارەی ناردنی مووچە و بوودجەی هەرێم زانیاری نوێ دەخرێتەڕوو

بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت" حکومەتی عێراق پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت، بەڵام برە پارەكەی یەكلانەكراوەتەوە". 

فازڵ نەبی بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق، لە لێدوانێكدا بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاندووە" هۆكاری نەناردنی مووچە و پشكی هەرێم سێ گرفتی سەرەكین كە یەكەمیان بابەتی رادەستكردنی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمە، لەگەڵ بابەتی داهاتە نانەوتییەكان و ئەو وشەیەی كە لە یاسای بودجەدا بە فیعلی ناوی براوە لەسەر هەرێمی كوردستان بووەتە گرفت". 

وتیشی" ئەوەی باسدەكرێت گوایە بەغداد ناردنی پارەی تەرخانكراوی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نانێرێت هیچ بنەمایەكی نییە و ئومێد دەكەین لایەنی هەرێمی كوردستان بە دانوستان ئەو كێشانەی كە هەن چارەسەری بكات". 

فازڵ نەبی لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا جەختیشیکردەوە، بەغداد پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت، بەڵام برە پارەكەی یەكلانەكراوەتەوە، هەروەها لە ماوەی رابردوودا داوای چەند داتا و زانیارییەك لە هەرێمی كوردستان كرابوو.


AM:08:32:28/08/2023