بڕیاری دەستگیرکردن بۆ ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەرچوو

ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" لەسەر سکاڵایەکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم فەرمانی دەستگیرکردنم بۆ دەرچووە". 

کەریم عەلی ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە" لەسەر سکاڵایەکی بەشی یاسایی وەزارەتی دارایی هەرێم فەرمانی دەستگیرکردنم بۆ دەرچووە و فەرمانەکەش بە هێزەکانی ئاسایش دراوە، لە کاتێکدا دەبوو سکاڵاکە لای هێزکانی پۆلیس بێت". 

وتیشی" سکاڵاکە پەیوەندی بە وتەکانمەوە هەیە لەسەر شاردنەوەی تانکەرەکانی نەوت لە دەروازەی سنوری مەرزی پەروێزخان کە لە میانی چاوپێکەوتنێکدا باسم کردووە و وەزارەتی دارایی بە گرفتی زانیووە". 

کەریم عەلی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییە لە پشکی بزوتنەوەی گۆڕان، سکاڵاکەش لەلایەن دارایی هەرێمەوە کە لەلایەن گۆڕانەوە بەڕێوەدەبرێت لەسەری تۆمارکراوە.


AM:10:15:28/08/2023