هەڤاڵ ئەبوبەکر داوا دەکات ئەمشەو یەکێتی‌و پارتی کۆببنەوە


پارێزگاری سلێمانی د.هەڤاڵ ئەبوبکر ئەمشەو لە نووسینێکدا بۆ یەکێتی و پارتی دەڵێت" کات بەفیڕۆ مەدەن، هەر ئەمشەو کۆببنەوە".
 
لە پۆستێکدا کە ئەمشەو هەینی هەڤاڵ ئەبوبەکر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە، دەڵێت" بۆ پارتیی و یەکێتیی؛ لەگەڵ ڕێزدا
دۆخی ناوخۆ، دۆخی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا، لەگەڵ دنیا، دۆخی کەرکوک و ناوچەکانی تر، دۆخی دارایی و ئابوریی و بەرهەم و بازاڕ، بژێویی و ژیان و دەرفەتی کار، بایکۆتی دەوام، ناڕەزایەتیی ناوخۆ، پێشمەرگە، هەڵبژاردن، سەروەریی خاک و ئاسمانی وڵات، ئاسایشی نیشتمانیی، فشارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، دەهۆڵ و داهۆڵ و دوکەڵی شەڕ، قەوارەی هەرێم، کورد لە شوێنەکانی تر؛ 
بەهۆی ناکۆکیی ناڕەوای نێوانتانەوە، لە خراپترین دۆخدان".

هەروەها دەشڵێت" چارەسەرو تێپەڕاندنی هەموو ئەمانەو زۆری تریش لەمانە؛ پەیوەستن بە کۆتایهێنان بە ناکۆکییەکانتان و خۆبەدورگرتن لە شەڕو ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان".

پارێزگاری سلێمانی دەڵێت " ناکۆکییەکانتان لەسەر هەر شتێک بن؛ لە خەڵک و خاکی کوردستان؛ بەهادارتر نین، لە پیرۆزیی خوێنی شەهیدان و پاراستنی شکۆمەندیی هاووڵاتیان و سەروەریی ئەم قەوارەیە؛ گرنگتر نین". 

ناوبراو داوا دەکات " سبەی نا، ئەمشەو، کۆببنەوە، دوامەکەون، کە دواکەوتن بەهەموومان وردەو پارچەی ئاکامی کارەساتباری ناکۆکییەکانی ئێوەمان بۆ کۆناکرێتەوە.ئەزمونتان لە سەرکەوتن نەکرد، ئەزمون لە شکست بکەن، زیان لە نیوەی بگەڕێتەوە؛ قازانجە".

" گوێیەکتان هەبێت بۆ بیستن، چاوێک بۆ بینین، نەک دەستێک بۆ بردن، دەستێک بۆ لەتکردن، پێیەک بۆ دواکەوتن، پێیەک بۆ کەوتن. ئەمشەو؛ هێزی لۆژیک بەکاربێنن، کاری ئێستا؛ مەخەنە سبەینێ. چاوی لێتانە؛ دایکی وەتەن.. خوایە گیان؛ ئەم خەڵک و خاکە، ئەم نەتەوەو نیشتمانە؛ لە چاوی بەدو لە دەستی بەدکار، بپارێزیت.( بەپێی قسەکانی هەڤاڵ ئەبوبەکر).



PM:11:53:01/09/2023