مستەفا چاوڕەش: هیچ جوڵاندنێکی ‌هێز بەرامبەر یەکتر لە بالیسان لە ئارادا نییە

بەرپرسی هێزەکانی حەفتای یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند " هیچ هەنگاوێک بە ئاراستەی کۆکردنەوەی هێز بەرامبەر یەکتری لە نێوان یەکێتی و پارتی لە ئارادا نییە".

مستەفا چاوڕەش بەرپرسی هێزەکانی حەفتای یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتەدا بۆ ماڵپەڕی ( سپی ) رایگەیاند " راستە لەگەڵ پارتی جیاوازی و ناکۆکیمان لەبواری پێشمەرگەدا هەیە، بەڵام ئەو ناکۆکیانە نەگەیشتوونەتە ئاستێک تا هێز بەرامبەر یەکتر بجوڵێنین".

بەرپرسی هێزەکانی حەفتای یەکێتی نیشتمانی کوردستان رەتیکردەوە کە لەناوچەکانی کڵاو قاسم و دۆڵی بالیسان هێزیان بەرامبەر یەکتر جوڵاندبێت و وتی " دۆخی کورد لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە هێندە باش نییە، تا مەینەتییەکی تر بۆ گەلەکەمان بخولقێنین و هێز بەرامبەر یەکتر بجووڵێنین".

ئەوە لە کاتێکدایە کە هەندێک راپۆرتی رۆژنامەوانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە یەکێتی و پارتی سەرلەنوێ  هێزیان بۆ ئەو بنکە و سەنگەرو سەربازگانە لە ناوچەی کڵاوقاسم و دۆڵی بالیسان جوڵاندووە کە لە سەردەمی شەڕی ناوخۆی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا جێگای شەڕێکی ناوخۆی گەرمی نێوان ئەو دوو حزبە بوون.



PM:01:17:02/09/2023