یەکێتی داوا دەکات سودانی‌و هێزە چەکدارەکان‌و حەشد چارەسەری بارگرژی کەرکوک بکەن

لە دوای دروستبوونی ئەو بارگرژییە قورسەی لە نێوان خۆپیشاندەرانی کەرکوک و هێزە ئەمنییەکان و حەشدا روویداوە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان داوا دەکات راستەوخۆ سودانی و هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی و حکومەتی محەلەی چارەسەری کێشەکە بکەن.

لە بارەی خۆپیشاندانەکەی هاوڵاتیانی کوردی کەرکوکەوە لە دژی رێگاگرتنی نێوان هەولێر و کەرکوک لەلایەن عەرەب و تورکمان و حەشدی شەعبییەوە، مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە راگەیاندنێکدا دەڵێت " یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سێ رۆژە لەسەر هێڵە لەگەڵ حکومەتی عێراق کە پێویستە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و حکومەتیی خۆی جێبەجێ بکات، تا ئاڵۆزییەکە سەر نەکێشێت بۆ بەریەک کەوتن و رژانی خوێنی هاووڵاتیانی کورد و پێکهاتەکان، بە پێچەوانەوە دەکرا بە  لێکگەیشتن لەگەڵ پارت و حزبەکانی کەرکوک گرفتی  بارەگا تەشەنە نەستێنێ  کە ببێتە کێشەیەکی گەوەرە لە شارەکەدا".

لەو راگەیاندنەدا هاتووە " ئێستاش کاتی ئەوەیە سەرۆک وەزیران کە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراقیشە، راستەوخۆ بێتە ناو کێشەکە و لەگەڵ حکومەتی محەلی شارەکە و هێزەکانی سوپاو حەشد ئەم کێشەیە بنبڕ بکەن".
 
دەقی ڕاگەیەندراوی مەکتەبی سیاسیی دەربارەی گرژییەکانی کەرکوک..

بەداخەوە بارودۆخی دژواری کەرکوک بەهۆی شەرکردن لەسەر  بارەگای حزبی و ململانێی هێزە سیاسییەکانی ناو کەرکوک درێژەی کێشاوە گەیشتە پێکدادان و بەریەک کەوتن و شەهید و برینداریش کە ئەمانە قوربانی بێباکی سیاسی و نیشتمانییە.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سێ رۆژە لەسەر هێڵە لەگەڵ حکومەتی عێراق کە پێویستە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و حکومەتیی خۆی جێبەجێ بکات، تا ئاڵۆزییەکە سەر نەکێشێت بۆ بەریەک کەوتن و رژانی خوێنی هاووڵاتیانی کورد و پێکهاتەکان، بە پێچەوانەوە دەکرا بە  لێکگەیشتن لەگەڵ پارت و حزبەکانی کەرکوک گرفتی  بارەگا تەشەنە نەستێنێ  کە ببێتە کێشەیەکی گەوەرە لە شارەکەدا، ئێستاش کاتی ئەوەیە سەرۆک وەزیران کە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراقیشە، راستەوخۆ بێتە ناو کێشەکە و لەگەڵ حکومەتی محەلی شارەکە و هێزەکانی سوپاو حەشد ئەم کێشەیە بنبڕ بکەن، ئەگینا وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەماوەری کەرکوک لەبەر بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی ئاشتی دانیان بە خۆیدا گرتووە. چاوەروانیشمان لە حکومەت و لایەنەکانی تری کەرکوکیش ئەوەیە بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن .

مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان



PM:08:40:02/09/2023