مەراسیمی یەکەمین ساڵیادی ژینا ئەمینی لە شاری سەقز بەڕێوەدەچێت

لەگەڵ نزیکبوونەوەی یەکەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینا ئەمینی، دایک و باوکی پەیامێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن" مەراسیمی ساڵیادی ژینا لەسەر گۆڕەکەی لە شاری سەقز بەڕێوەدەچێت". 

ئەمجەد ئەمینی و موژگان ئێفتخاری باوک و دایکی ژینا ئەمینی راگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنن" وەکو ھەموو خانەوادەیەکی بریندار، لە ساڵیادی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی، لەسەر گۆڕەکەی رێوڕەسمێکی تایەت بەڕێوەدەچێت". 

هەروەها داواش لە ھاوڵاتیان دەکەن، لە کاتی بەڕێوەچونی رێوڕەسمەکەدا خۆیان لە ھەموو جۆرە توندوتیژییەک بپارێزن.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی)، چەند کەس و چالاکوان لە ناویشیاندا خاڵی ژینا ئەمینی، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکراون.


PM:12:21:09/09/2023