بافڵ تاڵەبانی: ناكرێت گوزەرانی خەڵك و شایستە داراییەكان بە بابەتە سیاسییەكانەوە ببەسترێتەوە


بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، ناكرێت گوزەرانی خەڵك و شایستە داراییەكان بە بابەتە سیاسییەكانەوە ببەسترێتەوە و پێویستە كێشەكان لەڕێگەی دەستور چارەسەر بكرێت.

بەپێی راگەیەنراوی نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەمڕۆ لە شاری بەغداد بافڵ تاڵەبانی پێشوازی لە ئەلینا رۆمانۆسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كرد و دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئابووری، ئەمنییەكان و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد گفتوگۆیان لەبارەوە كرا و جەخت لە چارەسەری دەستووری و سیاسییانەی كێشەكان كرایەوە بەشێوەیەك كە وەڵامدەرەوەی خواستی هەموو لایەك و سەقامگیریی ناوچەكە پارێزراو بێت.

بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە "ناكرێت گوزەرانی خەڵك و شایستە داراییەكان بە بابەتە سیاسییەكانەوە ببەسترێتەوە، چونكە ژیانی خەڵكەكەمان زۆر لەوە گەورەترە كە بكرێتە قوربانی ململانێ سیاسییەكان و هەموو هەنگاوێكیش لەپێناو كۆتاییهێنان بەو دۆخە نەخوازراوە دەگرینەبەر". 

بافڵ تاڵەبانی روونیكردۆتەوە "پاراستنی ئارامی ناوچەكە ئەركی هەموومانە و دەبێت بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكرێت، هیچ سەقامگیرییەكیش بەدینایەت ئەگەر بەسەر ئاڵنگارییەكاندا زاڵ نەبین و هەموومان لەپێناو داهاتوویەكی گەشتردا تێنەكۆشین".



PM:07:46:13/09/2023