مه‌سرور بارزانی: داوام لە سەرۆک کۆماری عێراق کرد دەسەڵاتەکانی خۆی بەکاربهێنێت

سه‌رۆكی حكومه‌تی (ماوە بۆدرێژکراوەی) هه‌رێمی كوردستان رایدەگەیەنێت" داوام له‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق كردوه‌ كه‌ وەکو پارێزەری دەستور دەسەڵاتەکانی خۆی بەکاربهێنێت". 

مەسرور بارزانی سەرۆکی حكومەتی (ماوە بۆدرێژکراوەی) هەرێمی کوردستان، دواینیوەڕی ئەمڕۆ پێنج شەممە سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) رایگەیاند" ئەمڕۆ لەگەڵ لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق تاوتوێی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدامان کرد". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دیدارەکەدا گفتوگۆیان لەسەر دۆخی کەرکوک و شنگال و کێشە داراییەکان کرد.

بارزانی لە تویتەکەیدا ئەوەشی خستەڕوو، داوای لە سەرۆک کۆمار کردووە کە وەکو پارێزەری دەستوور دەسەڵاتەکانی خۆی بەکار بهێنێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شاندێکی باڵای هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی  گەیشتنە بەغدای پایتەخت، بە ئامانجی ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراقدا.

شاندەکەی هەرێم پێکهاتوون لە قوباد تاڵەبانی و ئاوات شێخ جەناب و ئومێد سەباح و ئامانج ڕەحیم و پێشەوا هەورامانی و ڕێبەر ئەحمەد. 

سه‌ردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغداد له‌ كاتێكدایه‌، تائێستا مووچەخۆران مووچه‌ی مانگه‌كانی حەوت و هەشتیان وه‌رنه‌گرتووە، دەوامی زۆرینەی خوێندنگەکان و بەشێک لە فەرمانگەکانیش بایکۆت کراون. 


PM:03:33:14/09/2023