لێدوانێكی نوێی مەسرور بارزانی سەبارەت بە دابینكردنی مووچەی سێ مانگ


مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (ماوە درێژكراوە) رایدەگەیەنێت "داوای مووچەی هەموو مانگەكانی هەرێمی كوردستانمان كردووه".‌

ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسرور بارزانی دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەی لەگەڵ هادی عامری لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "هیوادارین بگەینە هەندێك رێكار بۆ گەیشتنی ماف و شایستەكانی هەریمی كوردستان، داوامان كردووە مووچەی هەموو مانگەكانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بنێردرێت، حكومەتی عێراق پێیان راگەیاندووین بۆ چارەسەركردنی ئەو بابەتە هاوكار دەبن، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا پێویستی بە پشتیوانی سیاسی هەیە".

ئەمڕۆ شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە پێكهاتووە لە مەسرور بارزانی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت (ماوە درێژكراوە)، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، گەیشتە بەغدا، تەوەری سەرەكیش ناردنی بەشە بودجەی هەرێمە، چونكە حكومەتی هەرێم تائێستا مووچەی مانگەكانی 7 و 8ی دابەش نەكردووە.



PM:07:34:14/09/2023