باوکی ژینا ئەمینی دەستگیرکرا

بەیانی ئەمڕۆ شەممە کە هاوکاتە لەگەڵ یەکەمین ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی، ئەمجەد ئەمینی باوکی دوای هاتنە دەرەوەی لە ماڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. 

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە" ئەمڕۆ شەممە ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا ئەمینی، لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شەقامی مامۆستا هەژاری شارۆچکەی دانشگاە (زانکۆ)ی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن کۆمەڵێکی زۆر لە هێزەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئیرانەوە دەستگیرکرا". 

سەرەڕای ئەوەی ناوەندە حکومەتییەکان ئاگادارییان بە بنەماڵەی ژینا ئەمینی دابوو کە نابێت ڕێوڕەسمی ساڵیادی کوژرانی کچەکەیان بەڕێوەببەن، ئەم بنەماڵەیە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایانگەیاند" ئێمەی بنەماڵەی ژینا، وەک هەموو بنەماڵەیەکی خەمبار، لە ساڵیادی گیانبەختکردوونی کچە شیرینەکەمان ژینا (مەهسا) ئەمینی، لەسەر گۆڕی ئەو ئازیزە کۆچکردووە کۆدەبینەوە و ڕێوڕەسمی ڕەسەن و ئایینی ئەو ساڵیادە بەڕێوە دەبەین". 

لە ماوەی هەفتەی ڕابردوو و ڕۆژانی پێش ساڵڕۆژی دەستپێکی شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی)، ئەمجەد ئەمینی لانی کەم چوار جار لەلایەن ناوەندە حکومەتییە جیاوازەکانەوە بانگکراوە و لەسەر بەڕێوەنەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵیادی ژینای کچی وێڕای ئەوەی لێپرسینەوە و لێپێچینەوەی لێکراوە، "بێڕێزیشی پێ کراوە".

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردووش هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵیانکوتایە سەر ماڵی سەفا عائێلی تەمەن ٣٠ ساڵ و خاڵی بچووکتری ژینا ئەمینی لە شاری سەقز دەستبەسەریان کرد. 


AM:11:50:16/09/2023