لە بەغداوە هەوڵەكان بۆ جیاكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران لە خەرجی (ئینفاقی فیعلی) دەست پێدەكات


لە پەرلەمانی عێراق 120 وإژوو كۆكراوەتەوە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە خەرجی ڕاستەقینە (ئینفاقی فیعلی) جیابكەنەوە. 

ئەمڕۆ دووشەممە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئەو بڕە پارەیەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە بە شێوەی قەرز بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، بۆ مووچەی مانگی 7، 8 و 9ی مووچەخۆران خەرج دەكرێت و هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە خەرجی ڕاستەقینە جیابكەینەوە و رێگەچارەیەك بۆ سێ مانگەكەی دیكەش بدۆزرێتەوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە نزیكەی 120 واژوویان كۆكردۆتەوە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە خەرجی ڕاستەقینە (ئینفاقی فیعلی) جیابكرێتەوە، هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكەی عێراق و، ئەوەش دەكەنە پڕۆژەیەك بە مەبەستی ئەوەی لە پەرلەمان هەمواربكرێتەوە.

هەروەها دەڵێت "پڕۆژەكە وەڵامدانەوەیەكی باشی هەیە، تەنانەت لەلایەن ئەو پەرلەمانتارانەی لەكاتی خۆیدا پڕۆژەیاسای بودجەیان بەلاڕێدا برد و ئەم ئەنجامەی لێكەوتەوە. هەموو لایەنێك هاوهەوڵوێستن لەسەر ئەوەی نابێت قوت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تێكەڵی كێشە سیاسییەكان بكرێت و بەرەو هەمواركردنەوەی ئەو بڕگەیە (بڕگەی پەیوەستكردنی مووچەی فەرمانبەران بە ئینفاقی فیعلی) دەچین".



PM:03:01:18/09/2023