كۆمسیۆنی باڵا ناوی كاندیدێكی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەسڕێتەوە

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، كاندیدێكی هەڵبژاردن لەسنووری پارێزگای بەسڕە رەتدەکاتەوەو ناوەكەی لە لیستی كاندیدانی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایە دەسڕێتەوە ئەم کاندیدە لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستگیركراو بەرەو شوێنێكی نادیار رفێندرا.

دوێنێ سێشەممە ١٩ی ئەیلولی ٢٠٢٣، میدیاكانی عیراق ڕایانگەیاند، "دوای هەفتەیەك لە دەستگیركردنی كاندیدێكی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای بەسڕە، لەلایەن هێزێكی ئەمنی و دواتر ئازادكردنی، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، نوسینگەی بەسڕە، بڕیاریدا بەدوورخستنەوەی ئەو كاندیدەو سڕینەوەی ناوەكەی لە لیستی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق".

عەمار سەرحان، كە لە لیستی هاوپەیمانیی فەیحای فیدڕاڵی، خۆی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای بەسڕە كاندید كردووە، لەلایەن نوسینگەی بەسڕەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە پێی راگەیەندرا كە بەهۆی نەبوونی مەرجە یاساییەكان، ناتوانێت خۆی بۆ هەڵبژاردن كاندید بكات.

ئەو كاندیدە گەنجە، كە چالاكوانێكی پارێزگای بەسڕەیەو یەكێكە لەو كەسایەتییانەی كە پشتگیری لە بە هەرێمبوونی پارێزگاكە دەكات، رۆژی ١٢ی ئەم مانگە لەناو ماڵەكەی خۆی لە ناوەڕاستی شاری بەسڕە، لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستگیركراو بەرەو شوێنێكی نادیار رفێندرا، دوای هەفتەیەك بە كەفالەت ئازادكراو تائێستاش هۆكاری دەستگیركرنەكەی ئاشكرا نەكراوە.

تائێستاش نوسینگەی بەسڕەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، بە فەرمی هۆكاری دوورخستنەوەی ئەو كاندیدەی لە مافی خۆكاندیدكردن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا، ئاشكرا نەكردووە.



AM:12:12:20/09/2023