راپەڕین؛ باوكێك دوای گیان لەدەستدانی كچەكەی، سكاڵا لەسەر پزیشكەكەی تۆمار دەكات


بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی ڕاپەڕین رایدەگەیەنێت، دوای گیانلەدەستدانی كچێك، باوكی سكاڵای لەسەر پزیشكێكی تایبەت بە نەخۆشیەكانی مێشك و دەمار تۆماركردوە و تۆمەتباری ئەوەی نەهاتووە بەدەم كچەكەیەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "رۆژی 19ی ئەیلول هاوڵاتیەك سەردانی بنكەی پۆلیسی كێوەڕەشی كرد بەمەبەستی تۆماركردنی سكاڵا لەدژی دكتۆرێكی تایبەت بە نەخۆشیەكانی مێشك و دەمار لە بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە، بۆ ئەو مەبەستەش دۆسیەی لێكۆڵینەوە ڕێكخرا".

راگەیەنراوەكە روونیكردۆتەوە "بە وتەی سكاڵاكار كاتێك كچەكەی پێشتر كێشەی خوێنبەربونی مێشكی هەبوە و نەخۆشی تایبەتی دكتۆرەكە بوە، دوای ئەوەی لە رۆژی 17ی ئەم مانگە دوبارە توشی خوێنبەربونی مێشكی بۆتەوە، باوكەكە كچەكەی گەیاندۆتە نەخۆشخانە و هەمان دكتۆر خەفەر بوە لە نەخۆشخانە، بەڵام لەو كاتەدا دكتۆرەكە نەهاتووە بۆ لای كچەكەی، تەنها لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دكتۆرەكە وەڵامی كەسوكاری نەخۆشەكەی داوەتەوە كە ڕەوانەی نەخۆشخانەیەكی هەولێر بكرێت".

هەر بەپێی ئەو راگەیەنراوە "باوكی كچەكە وتویەتی لەكاتی ڕەوانەكردنی كچەكەی بۆ هەولێر، لەو كاتەدا هیچ كارمەندێكی تەندروستی یاوەری نەبوە، لە ئەنجامدا لەڕێگای هەولێر ئۆكسجینی كەمبۆتەوە تا گەیشتونە نەخۆشخانە لە هەولێر پێی وتراوە كچەكەی گیانی لەدەستداوە".

پۆلیس دەڵێت "دوای كردنەوەی پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕوداوەكە، بڕیاری دادوەر بەدەستهات، لێكۆڵینەوە لە ڕوداوەكە بەردەوامە".



PM:11:37:21/09/2023