وەزیری بەرگری توركیا هۆشداری توند دەداتە بافڵ تاڵەبانی


وەزیری بەرگری توركیا هۆشداری توند بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەدات و دەڵێت "داوامان لێكردووە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ رێكخراوی تیرۆریستی" بپچڕێنێت. 
 
یەشار گولەر، وەزیری بەرگری توركیا لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەیەكی وڵاتەكەی رایگەیاندووە "لەسەر كار و چالاكییەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان - پەكەكە بە بەردەوامی هۆشداری دەدەینە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی".

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "بە بافڵ تاڵەبانی دەڵێین تكایە پەیوەندییەكانت لەگەڵ رێكخراوی تیرۆریستی بپچڕێنە، ئەمە هەرچۆنێك بێت لە دژی ئێوە دەبێت، ئێمە چاودێریی هەموو كار و چالاكییەكانیان دەكەین، ئەم شتانە لەگەڵ دۆستەكانمان لە عێراق و پارتی دیموكراتی كوردستان باس دەكەین". 
 
گولەر وتویەتی "ئەم شتانە زۆرجار بەشێوەیەكی كراوە باسكران، بەڵام هیچ كەسێك خۆی راست نەكردەوە، پەیوەندییەكانمان لەگەڵ فڕۆكەخانەی ئەو ناوچەیە بەتەواوی بڕی. هیوادارم بافڵ تاڵەبانی لە داهاتوودا پەیوەندییەكانی لەگەڵ رێكخراوی تیرۆریستی بپچڕێنێت. ئێمە هەموو شتێك دەزانین، دەبینین و بەدواداچوونی بۆ دەكەین." 



PM:03:20:23/09/2023