پاره‌ی مووچه‌ی فەرمانبەران خرایه‌ سه‌ر هه‌ژماری دارایی هەرێم

دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" بەشێک لە پاره‌ی مووچه‌ی فەرمانبەران خرایه‌ سه‌ر هه‌ژماری وه‌زاره‌تی دارایی هەرێم". 

کەمێک پێش ئێستا وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" بڕی (٢٥٠) ملیار دینار لە ڕێگای بانکی ڕافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم". 

ئاماژە بەوەشکردووە، لە ئێستادا ئەو بڕە پارەیە لە هەژمارى وەزارەتەکەدایە لە لقى هەولێرى بانکى ناوەندى عێراق.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، بڕیارە هەر ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی دارایی بڕیار لەبارەی چۆنیەتی دابەشکردنی مووچە و راگەیاندنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات. 

هەرچەندە لە ئێستادا نزیک دەبینەوە لە کۆتایی مانگی ئەیلول، بەڵام تائێستا مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگەکانی (تەمووز و ئاب) یان وەرنەگرتووە کە بەهۆیەوە بەشێک لە فەرمانبەران بایکۆتی کارەکانیان کردووە. 

هەروەها هەفتەی ڕابردووش ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا مانگانە بڕى (٧٠٠) ملیار دینار ڕەوانەی هەرێم بکات، بە مەبەستی خەرجکردنی مووچەى فەرمانبەران بەشێوەى قەرز. 


PM:12:03:24/09/2023