مامۆستایانی ناڕازی هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە شكاندنی بایكۆت راگەیاند


ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی رایدەگەیەنن، لەگەڵ وەرگرتنی مووچەی مانگی تەموزیش، هەر لە بایكۆتكردنی ناوەندەكانی خوێندن بەردەوام دەبن.

ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی ئەمڕۆ یەكشەممە لەراگەیەنراوێكدا بڵاویانكردەوە، وەك لای هەمووان ئاشكرایە دەسەڵاتی تاڵانكاری هەرێم ڕۆژ دوای ڕۆژ بێباكانەتر مامەڵە لەگەڵ گرفتەكانی مووچەخۆران و هاوڵاتیاندا دەكات، بۆیە بە پێویستی دەزانن هەنگاو و ناڕەزاتیەكانیان توندتر و فراوانتر بكەن، لەم پێناوەشدا بە پێویستی دەزانن ئەم هەنگاوانە بگرنەبەر.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، ڕۆژی یەكشەمە ١ / ١٠ /٢٠٢٣  دوای وەرگرتنی مووچەی وەزارەتی پەروەردە، دەكەن بە ڕۆژی دوپاتكردنەوەی بایكۆت لەسەرجەم شارو شارۆچكەكان خۆپیشاندان و گردبونەوەی بەرفراوان ئەنجام دەدەن.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە "بەم نزیكانە و بەهاوكاری دەستەو گروپە ناڕازییەكانی تر و بە پشتیوانی و بەشداری ئێوەی خەمخۆر گردبونەوە و ناڕەزایەتیەكان دەبەینە بەغدادی پایتەختی عێراق و داوا لە حكومەتی عێراق دەكەین مووچەو بژێوی هاوڵاتیانی هەرێم نەكاتە قوربانی گەندەڵی و ناشەفافیەكانی دەسەڵاتدارانی هەرێم و خۆیان واتە (حكومەتی عێراق) ڕاستەوخۆ و لەڕێگەی كارتی بانكیەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابەش بكات".



PM:03:49:24/09/2023