وتەبێژی کۆنگرەی یەکێتی: لە کۆنگرەدا ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هەڵنابژێردرێن

 لە دووەم رۆژی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستاندا دوای گفتوگۆ لەسەر پرۆژەی رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆ، دەنگ لەسەر پەیڕەوی نوێی ناوخۆی حزب دەدرێت و وتەبێژی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیش دەڵێت: "لە کۆنگرەدا ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هەڵنابژێردرێن". 

تەلار لەتیف وتەبێژی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی بە میدیاکانی حزبەکەی راگەیاندووە"رێکارەکانی کۆنگرە لە دووەم رۆژدا بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ، ئەندامانی کۆنگرە کەبەشدارن لە لیژنەکانی پرۆگرام، سکاڵا، پەروەردەی حزبی لە کۆنگرەی پێنجەم، پەیڕەو، وتاری سیاسی، شەهیدان و زیندانیان و کەمئەندامان، ناوی خۆیان تۆمار دەکەن و پاشان راپۆرتی خۆیان دەهێننەوە ناو کۆبونەوەکە و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت". 

بڕیاریشە لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی، رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆی حزب دەنگی لەسەر بدرێت و هەروەها شێواز و میکانیزمی هەرسێ ئەنجومەنی بەرژەوەندی و باڵای سیاسی و سەرکردایەتی و پشتیوانی دیاریی دەکرێن و دەنگی لەسەر دەدرێت.

 تەلار لەتیف، دەشڵێت "پاش هەڵبژاردنی ئەندامانی سەرکردایەتی کە ڕەچاوی رێژەی بەشداری ژن و شوێنی جوگرافی دەکرێت، دواتر لەلایەن ئەندامانی سەرکردایەتییەوە بڕیار لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی دەدرێت، واتە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی لە کۆنگرەدا هەڵنابژێردرێن".

پێنجەم کۆنگرەی یەکێتی بە بەشداری ٦٠٠ ئەندام دوێنێ لە سلێمانی دەستیبەکارەکانی کردو بڕیارە سێ رۆژ بخایەنێت، هاوکات ژمارەیەی ناسراوی سەرکردایەتی کۆنی یەکێتی بایکۆتی کۆنگرەیان کرد.



PM:01:01:28/09/2023