كونسوڵی توركیا: كوردستان هاوبەشێكی گرنگمانە


كونسوڵی توركیا لە هەولێر رایدەگەیەنێت، هەرێمی كوردستان لە روی كولتور و وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە هاوبەشێكی گرنگە بۆ توركیا.

مەمەد مەولود یاقوت، كونسوڵی توركیا لە هەولێر ئەمڕۆ لەمیانی وتارێكدا لە كۆڕبەندی بازرگانی و پیشەسازی عێراق رایگەیاند "توركیا پابەندە بە بەهێزكردنی هاوكارییە ئابورییەكان لەگەڵ هاوبەشەكانی، ئێمە لەگەڵ هەرێمی كوردستان سنورێكی هاوبەش و مێژوییەكی دور و درێژمان هەیە، هەرێمی كوردستان لە روی كولتور و وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە هاوبەشێكی گرنگە بۆ توركیا".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد "ئەم كۆڕبەندە دەرفەتێكی گرنگە بۆ رەخساندنی ھەلی كار و نیشاندانی ئەو توانایانەی كە لە پێشمانن بۆ بەهێزكردنی هاوكارییەكانمان".

كونسوڵی توركیا لە هەولێر داوایكرد "پێكەوە دەرفەتی نوێ لەنێوان توركیا و هەرێم بدۆزرێتەوە و بۆچونەكان هاوبەش بكەن، گەشبینین بە پەیوەندییە ئابورییەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان".



PM:03:49:28/09/2023