بانکی ناوەندی عێراق هەنگاوەکانی نوێ بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار رادەگەیەنێت


پارێزگاری بانکی ناوەندی ئاشکرایی دەکات لە ساڵی داهاتووەوە لە ڕێگەی بەستنەوەی پرۆسەی حەواڵەکردن بە پرۆسە نێودەوڵەتیەکانەوە عێراق ڕێڕەوی نەختینەی ڕێکدەخاتەوە. 

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا عەلی عەلاق ڕایگەیاندووە" لە ڕێگەی قەدەغەکردنی مامەڵەی دۆلاریشەوە لە ناوخۆ بەهای دینار بەرزدەکەنەوە". 

دەربارەی ڕێژەی خستنە بازاڕی دۆلارەوە، عەلاق دەڵێت" رێژەی ٩٠٪ـی فرۆشتنی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بۆ حەواڵەی دەرەکییە، کارەکە زۆر ئاسانە و هەر دۆلارێک بە بەهای هەزار و ٣٢٠ دینار دەفرۆشرێت، بەڵام کێشەکە لە رێژەی ١٠٪ یەیە کە فرۆشی رۆژانەی نێوخۆییەو دەبێت ڕێکبخرێت".

دەربارەی رێکارەکان بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار پارێزگاری بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوەکرد، بەنیازین درهەمی ئیماراتی، لیرەی تورکی، روپیەی هیندی، یۆرۆی ئەوروپی وەک بەشێک لە رێکارەکانی ئاسانکردنی حەواڵەی دەرەکی بخرێنە نێو پەنجەرەی فرۆشتنی راستەوخۆ، هیندستان بەنموونە تەرازووی بازرگانی لەگەڵیدا دەگاتە سێ ملیار دۆلار، هەروەها هاوردەکردن لەگەڵ ئیمارات و تورکیاش زۆرە".

پارێزگاری بانکی ناوەندی باس لەوەش دەکات، ئەمریکا پێی ڕاگەیاندوون، رێژەی خواستی عێراق بۆ دۆلار سنوردار ناکەن و بانکی ناوەندی دۆلاری پێویستی بۆ هاوردەکاران بە نرخی فەرمی دابینکردوە.

 هەروەها جەختیکردووەتەوە، سیاسەتی نەختینەیش سەرکەوتووبوە لە پاراستنی ئاستی گشتی نرخەکان و رێژەی هەڵئاوسانیش کەمیکردوە. ئەوەشی خستەڕوو، لە ساڵی داهاتووەوە بانکی ناوەندی بە شێوەیەکی یەکجاری لە نێوەندگیری حەواڵە داراییەکان دەکشێتەوەو سەکۆیەکی ئەلیکترۆنی نوێش دادەمەزرێنێت و پرۆسەی حەواڵەکردن راستەوخۆ پەیوەستی پرۆسە نێودەوڵەتییەکان دەبێت، ئەو گۆڕانکارییانەش رێرەوی نەختینەیی عێراق راست دەکاتەوە.




PM:12:07:01/10/2023