شێخ جەعفەر مستەفا کرایە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵا


شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندی یەكێتی بەڵێن دەدات لە ئاست ئەو متمانەیە بێت كە ئەندامانی كۆنگرە پێیان بەخشیوە.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندی و سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەیامێكدا بەبۆنەی كۆتاییهاتنی كۆنگرەی پێنجی حیزبەكەیان و وەرگرتنی ئەو پۆستە رایگەیاند "سوپاسی سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و تەواوی ئەندامانی كۆنگرە  دەكەم، لە ئاست ئەو متمانەیەی كە بە بەندەیان بەخشی بۆ دەستنیشانكردنم وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان".

شێخ جەعفەر ئاماژەی بەوەكردووە "لە بەرامبەر ئەم متمانەیەی ئەمڕۆ بە بەندەتان بەخشی بەڵێن دووپات دەكەمەوە كەوا یەكێتی نێو ڕیزەكانی یەكێتیی بپارێزم و كار بكەم بۆ سەرخستن و بە پێشەنگ بوونی ئەم حزبەی كە تیایدا پەروەردە بووم لەسەر بنەمای خزمەتكردن بە خەڵك و تێكۆشەرانی، وەك هەمیشە پارێزەری سەرسەختی خاك و نیشتیمان دەبم، لەپێناو پاراستنی ئەو هەرێمەی كە ساڵەهای ساڵە قوربانی لە پێناو دەبەخشین".

هەروەها وتویەتی "شانازییە بۆ یەكێتی كەوا لە دۆخێكی ئاوا هەستیاردا كۆنگرە ببەستێت و ڕووبەڕووی هەموو ئەو تەحەدییانە بێتەوە كەوا پێیانوابوو یەكێتیی لە ناوخۆی حزبەكەیدا لە بارودۆخێكی سەختی ململانێدایە و سات لە دوای سات بەرەو لاوازی هەنگاو دەنێت، یەكێتی بۆ هەموو نەیارانی دووپاتكردەوە كە بۆ هەمیشە لە لووتكەی بەهێزیدا دەمێنێتەوە، هەروەها نیشانیدا كە هەموو كات حزبی شەهیدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەكان بەوپەڕی ئومێدەوە ڕابەرایەتیی بەرژەوەندییە باڵاكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی كردووە".



PM:07:05:01/10/2023