سەرۆک کۆمار: بوونی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە عێراق قبوڵ ناکەین

سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند" بۆردومان رۆژانەی هەرێمی کوردستان و مانەوەی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە عێراق قبوڵ ناکەین".
 
عەبدوللەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵەکانی ئەلعەرەبیە ئەلحەدەسدا ڕایگەیاند " بەغدا هەوڵدەدات ڕێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ ئەنقەرەدا هەبێت"  جەختیشیکردەوە کە پێویستە تورکیا ڕێز لە سەروەری عێراق بگرێت.

ڕەشید بە پێویستی زانی کە تورکیا دۆخی عێراق لەبەرچاو بگرێت، جەختیشی لەوە کردەوە کە پێشێلکارییەکانی "دەبێتە هۆی کوشتنی خەڵکی سڤیل".

جەختیشی کردەوە "پێشێلکارییەکانی تورکیا بە درێژایی ڕۆژ لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە، هێرشەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و، هەبوونی بنکە سەربازییەکانیشیان لە عێراق قبوڵ ناکەین".

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی" ئێمە هەوڵ دەدەین لەگەڵ تورکیا بگەینە ڕێککەوتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، هەروەک چۆن لەگەڵ ئێران ڕوویدا".

ڕەشید ڕوونیشیکردەوە کە ماوەی ٤٥ ساڵە پەکەکە لەسەر خاکی عێراق ئامادەیە و دەشڵێت "لەگەڵ ئەنقەرەدا بەدوای چارەسەردا دەگەڕێین". جەختیشی کردەوە کە بەغدا "ئەو پێشێلکارییانەی ڕۆژانە لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاوە ئەنجام دەدرێن، رەتدەکەنەوە".




PM:10:17:02/10/2023