بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار هەنگاوێکی نوێ دەگیرێتەبەر

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت" حكومەتی فیدراڵ دەیەوێت مووچەی كارمەندانی كەرتی تایبەت لە بری دۆلار بكرێتە دینار". 

نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێكدا بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاندووە" لە چوارچێوەی ئەو هەنگاوانەی حكومەتی عێراق بۆ نەهێشتنی دیاردەی بە دۆلاربوونی ئابوری لە عێراقدا پەیڕەویكردووە دەیەوێت كۆمپانیاكان پابەند بكات كە مووچەی كارمەندانی لە بری دۆلار بكرێتە دینار". 

دەشڵێت" لە ئێستادا كۆمپانیاكانی بواری فڕۆكەوانی مامەڵەكانیان لە بری دۆلار كراوەتە دینار و گرێبەستەكانیشیان دەبێت بە دینار بێت و ئەگەر كۆمپانیاكان مۆڵەتی كاركردنیان هەبێت حكومەت دەتوانێت پابەندیان بكات مووچەی كارمەندی كۆمپانیاكان بكرێتە دینار". 

نەرمین مەعروف جەختیشیکردەوە، ئەگەر متمانە بۆ نرخی دینار بگەڕێندرێتەوە ئەو كات كۆمپانیاكان و كارمەندەكانیش لە بری دۆلار مامەڵە بە دینارەوە دەكەن. 

ماوەی چەند ڕۆژێکە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار ئاستێکی بەرزی تۆمارکردووە، بەشێوەیەک نرخی هەر ١٠٠ دۆلارێک لەسەروو ١٥٦ هەزار دینارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت کە ئەوەش نیگەرانی هاوڵاتییان بەدوای خۆیدا هێناوە. 


AM:12:01:05/10/2023