زانیاری نوێ سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگە توركیاوە


بەرپرسێكی عێراقی رایدەگەیەنێت، توركیا رەزامەندی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی كوردستان نیشانداوە و عێراقیش ئامادەیە بۆ دەستپێكردنەوەی خێرای هەناردەكردنەوەی نەوت.
 
ئەمڕۆ ماجد لەجماوی، باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە رایگەیاندووە توركیا رازی بووە بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراقی - توركیا، ئاڵپئارسڵان بایراكتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی توركیا، جەختی كردەوە تیمە هونەرییەكانی توركیا سەرجەم رێوشوێنە هونەری و لۆجستییەكانی تایبەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی عێراقی لەرێگەی بۆرییەوە تەواوكردووە و بابەتەكە ئێستا لای عێراقە.
 
لەجماوی روونیكردۆتەوە "حكومەت و گەلی عێراق ئەو هەنگاوەی توركیا بەرز دەنرخێنێت، عێراقیش ئامادەیە بۆ خێرا دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت".

مانگی ئازاری ئەمساڵ بەهۆی بڕیارێكی دادگای ناوبژیوانی پاریسەوە، هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی توركیاوە بۆ بەندەری جیهان راگیرا و بەو هۆیەشەوە داهاتی نەوتی هەرێم رووەبڕووی گرفتی گەورە بووەوە.



PM:08:19:05/10/2023