عێراق و توركیا لیژنەی ئەمنی نێوانیان كارا دەكەنەوە


حكومەتی عێراق دەیەوێت لیژنەی ئەمنی لەگەڵ وڵاتی توركیا كارا بكاتەوە.

بەپێی راگەیەنراوی نووسینگەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سودانی سەرپەرشتی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی كرد و تێیدا دواپێشهات و بارودۆخە ئەمنییەكانی وڵات بەتایبەتی لەناوبردنی پاشماوەكانی داعش، تاوانە رێكخراوەكان و راوەدونانی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەكان، تاوتوێكرا.

هەروەها لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ و هەڵسەنگاندن لەبارەی رێككەوتننامەی ئەمنی نێوان عێراق و ئێرانی تایبەت بە پاراستنی سنوورەكانی نێوان هەردووڵات كرا، بەتایبەت دوای سەردانەكەی شاندی عێراقی بە سەرۆكایەتی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بۆ تاران، كە تێیدا جەخت لەسەر هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات بۆ پاراستنی سنوورە هاوبەشەكانی نێوانیان كرایەوە.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە و  لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمنی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا، سەرۆك وەزیرانی عێراق، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقی بۆ بەردەوامیدان بە پەیوەندییەكان لەگەڵ هاوتا توركییەكەی بەتایبەتی بۆ كاراكردنەوەی لیژنە ئەمنییە دووقۆڵییەكانی پەیوەست بە چارەسەركردنی كێشە ئەمنییەكانی نێوان سنووری هەردوو وڵاتی دراوسێی راسپارد.



PM:11:24:05/10/2023