شیرین عیبادی: بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ بە نێرگس محەمەدی، راكێشانی سەرنجی جیهانە بۆ دۆخی ئێران


شیرین عیبادی، پارێزەر و چالاكوانی مافی مرۆڤ رایدەگەیەنێت، بەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە نێرگس محەمەد، راكێشانی سەرنجی جیهانە بۆ دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران.

لیژنەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە نەرویج خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی 2023ی بەخشییە نێرگس محەمەدی، چالاكوانی زیندانیكراوی مافی مرۆڤ بەهۆی چالاكییە مرۆییەكانییەوە.

شیرین عیبادی، پارێزەر و چالاكوانی مافی مرۆڤ بەهۆی چالاكییەكانی لە پێناو دیموكراسی و مافی مرۆڤ لە ئێران، یەكەمین براوەی ئێرانییە بۆ ئەو خەڵاتە كە ساڵی 2003 پێی بەخشرا.

شیرین عیبادی بە (دەنگی ئەمەریكا)ی راگەیاندووە، گرنگترین كاریگەریی پێدانی ئەو خەڵاتە بۆ نێرگس محەمەدی، راكێشانی سەرنجی جیهانە بۆ دۆخی خراپی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران.

عیبادی ئاماژەی بەوەكردووە "نێرگس محەممەدی كەسایەتییەكی چالاكە كە باوەڕێكی زۆری بە ڕێساكانی مافی مرۆڤ هەیە، گرنگترین كاریگەری بەخشینی ئەم خەڵاتە ئەوەیە كە جیهان لە دۆخی خراپی مافی مرۆڤ لە ئێران ئاگادار دەكاتەوە، بە تایبەتی هەڵاواردن بەرامبەر بە ژنان و ئەمەش بە شێوەیەكی سروشتی كاریگەری لەسەر پێشكەوتنی گشتی مافەكانی مرۆڤ دەبێت."

هەروەها وتویەتی "سەكۆی زیاتر بدرێ بە هەر كەسێك خەڵاتەكەی پێبەخشراوە بۆ ئەوەی بتوانێت بە دەنگێكی بەرزتر لەگەڵ خەڵكی جیهاندا قسە بكات."



PM:10:13:06/10/2023