ئەمریکا سەرکۆنەی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان دەکات

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەڵێت" نیگەرانین لەو چالاکییە سەربازییانە و کاریگەرییەکانی بۆسەر هاوڵاتییانی سڤیل و ژێرخانی ناوچەکە". 
 
ماتیو میللەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا لە واشنتن، لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا، بە بەرپرسی ئۆفیسی (رووداوی) ڕاگەیاندووە" بەردەوامین لەوەی پشتگیری لەو ئاگربەستە بکەین کە ئێستا هەیە و داوای راگرتنی توندوتیژییەکانیش دەکەین".

وتیشی" گرنگە هەموو لایەنەکان رێز لە ئاگربەستەکە بگرن و بەردەوامیش بێت، کۆتایی بە چالاکییە توندوتیژییەکان بهێنرێت، تاوەکو سەقامگیری لەنێو سووریا بەرقەرار بێت و کار بکرێت بۆ بەدیهێنانی چارەسەرێکی سیاسی بۆ ئەو ناکۆکییە". 
   
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختیشیکردەوە، واشنتن نیگەرانە لەبارەی چالاکییە سەربازییەکانی باکووری سووریا و کاریگەرییەکانی لەسەر خەڵکی سڤیل و ژێرخانەکەی. 

لە رۆژی پێنجی ئەم مانگەوە دەوڵەتی تورکیا بۆردوومانی چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە کە زیاتر لە (١٤٥) ناوچەی کردووەتە ئامانج.


AM:09:51:11/10/2023