ڤیدیۆ.. هەردی سەلامی کۆنسێرتێک لە سلێمانی ساز دەکات

بڕیارە لە سەرەتایی مانگی داهاتوو گۆرانیبێژی لاوی کورد هەردی سەلامی لە شاری سلێمانی کۆنسێرتێک ئەنجام بدات.

کۆنسێرتەکەی هەردی سەلامی لە کاتژمێر (٥:٠٠)ی ئێوارەی ڕۆژی ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ لە هۆڵی سپی شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت کە لە لایەن مێترۆنۆم پرۆدەکشنەوە ئەنجام دەدەرێت.

هەر لەمبارەیەوە هەردی سەلامی لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ئاماژەی بەوەکردووە کە ئامادەكاری بۆ "كۆنسێرتێكی گەورە" دەكات و لە نزیكەوە چاوی بە هەوادارەكانی دەکەوێت. 

ساڵی ڕابردووش هەردی زنجیرە كۆنسێرتێكی لە شارە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان سازكرد.

هەردی سەلامی لە ساڵی (١٩٨٧) لە سلێمانی لەدایكبووە و خاوەنی چوار براو سێ خوشكە، دەرچووی بەشی شانۆیە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان، دواتر دەستی بە کاری هونەری کردووە و چەند ساڵێکە ژیانی هاوسەری لەگەڵ پەریسا موکری پێکهێناوە. 

هەردی سەرەتا کاری دەرهێنانی کردووە و چەند ساڵێکیشە سەرقاڵی گۆرانییە و لە ماوەیەکی کەمدا ناوبانگێکی زۆری دەرکردووە. 


AM:11:53:11/10/2023