مەهسا ئەمینی یەکێک لە سێ بەربژێری کۆتاییە بۆ خەڵاتی(ساخارۆڤ)

مەهسا ئەمینی کچە کوردی خەڵکی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقی ئێراندا کۆچی دوایی کرد و بووە هۆی ناڕەزایەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دژی حکومەتی کۆماری ئیسڵامی ئێران، ناوی وەک یەکێک لە سێ کەسی کۆتایی خەڵاتی مافی مرۆڤی باڵای یەکێتیی ئەوروپا ڕاگەیەندرا.

 

پەرلەمانی ئەوروپا سێ کەسی کۆتاییان بۆ(خەڵاتی ساخارۆڤی ٢٠٢٣) بۆ مافەکانی مرۆڤ و ئازادی بیرکردنەوە ڕاگەیاند کە لە نێویاندا ناوی مەهسا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیش دەرکەوتووە.

 

دەیڤید مەک ئەلیستەر، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەوروپا بە ئاماژەدان بەم هەواڵە، ئەم هەڵبژاردنەی بە کردەوەیەک ناوبرد بۆ "پێزانینی هەوڵی بوێرانەی بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان".

 

بەشێکی دیکەی بەشداربووانی کۆتایی خەڵاتی ساخارۆڤی ئەمساڵ بریتین لە: ( ڤیلما نونیز و قەشە ڕۆماندۆ ئەلڤارێز) کە دوو کەسایەتین لە شەڕی بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ لە (نیکاراگوا )، هەروەها سێ ژنی خەڵکی پۆڵەندا و ئەلسەلڤادۆر و ئەمریکان کە خەبات بۆ (لەباربردنی بێبەرامبەر و سەلامەت و یاسایی منال) رێبەری دەکەن.

 

براوەی کۆتایی دوای هەفتەیەک ، لە ١٩ی ئۆکتەبەر رادەگەیەندرێت.

 

خەڵاتی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕینی یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی ١٩٨٨، بۆ پێزانینی ئەو کەسانە یان گروپانەی بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان دەکەن، درووستکرا. ناوی ئەندرێ ساخارۆڤ، فیزیازانێکی یەکێتی سۆڤیەت و نەیارێکی حکومەتی ئەم وڵاتە بوو کە چالاکی دەکرد لە بواری داماڵینی چەکی ئەتۆمیدا. ساخارۆڤ، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، لە ساڵی ١٩٨٩ کۆچی دوایی کرد.



PM:10:18:13/10/2023