هۆشداری لە زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی شاری بەغدا دەدرێت


چاوەڕوان دەكرێت تا نزیكەی حەوت ساڵی دیكە، ژمارەی دانیشتوانی شاری بەغدای پایتەختی عێراق بگاتە سەرووی ١١ ملیۆن كەس.

عەممار موسا، ئەمینداری شاری بەغداد رایگەیاندووە، چاوەڕوان دەكەن ژمارەی دانیشتوانی شارەكەیان تا ساڵی ٢٠٣٠ بگاتە ١١ ملیۆن و ٣٧٥ ھەزار كەس و رایگەیاندووە "پایتەخت ئەو زیادبوونە ھەڵناگرێت، ھەربۆیە پێویستە لە دەرەوەی سنوورەكانی بەغداد، شاری نوێ بونیاد بنرێت".

موسا ئاماژەی بەوەكردوە "بەپێی دیدگای پلانی گشتگیری گەشەپێدانی شار و دروستكردنی شاری نوێ لە دەرەوەی سنوورەكانی پایتەخت، رووبەڕووی زیادبوونی دانیشتووانی بەغداد دەبنەوە".

هەروەها وتویەتی "ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕی لەسەر دروستكردنی چوار شاری نیشتەجێبوونی نوێ، كە یەكێكیانی شاری جەواھیرییە لەناو سنوورەكانی بەغداد، ھەروەھا كارەكان بۆ دروستكردنی شاری عەلی وەردی بەردەوامن، دیزاینی قۆناغی یەكەمی شاری سەدریش پەسەندكراوە".

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی شاری بەغداد لە كۆتایی ئەمساڵ نۆ ملیۆن كەس تێدەپەڕێنێت.



PM:11:02:14/10/2023