وەزارەتی تەندروستی نرخ بۆ گواستنەوەی نەخۆش بە ئەمبوڵانسی نەخۆشخانە تایبەتەکان دیاریی دەكات

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان نرخی گواستنەوەی نەخۆش بە ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن (ئەمبوڵانس)ی نەخۆشخانە تایبەتەکان دیاریی دەكات كە لە ٢٥هەزار دینارەوە دەسپێدەكات، بەپێی دووری شوێنەكە و ئامادەبوونی پزیشك نرخەكە زیاد دەكرێت. 

بەپێی ڕێنمایی ژمارە ١٨ی ساڵی ٢٠٢٣ی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم، كە لە ڕۆژنامەی وەقائیعی هەرێمی كوردستان بڵاوكراوەتەوە، نرخی گواستنەوەی نەخۆش بۆ نەخۆشخانە تایبەتەكان (ئەهلی) لەلایەن كۆمپانیاكانی خزمەتگوزاری گواستنەوەی نەخۆش بە ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن لە ناوەوە و دەرەوەی شار دیاری كراوە.

دەبێت نەخۆشخانە ئەهلییەکان وەک لە لە ڕێنماییەكەدا هاتووە، گواستنەوەی نەخۆش لەناو سنوری سەنتەری پارێزگاكان بڕی ٢٥ هەزار دینار وەردەگیرێت، بەڵام بۆ دەرەوەی سەنتەری پارێزگا بڕی ٥٠ هەزار دینارە، گواستنەوەی نەخۆش لە دەرەوەی شار (قەزا و ناحیەكان) بۆ هەر كیلۆمەترێك بڕی ١٥٠٠ دینارە.

هەر بەپێی ڕێنماییەكە، ئەگەر پزیشك ئامادە بێت، ئەوا نرخەكان گۆڕانكاریان تێدا دەكرێت، سەنتەری شارەكان ٤٠ هەزار دینارە و دەرەوەی سنوری پارێزگا٥٠ هەزار دینارە و قەزا و ناحیەكانیش ٧٥ هەزار دینارە.


AM:08:39:17/10/2023