تەندروستی غەزە: لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەیەک ٥٠٠کەس کوژران

وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەزە کە لەژێر کۆنترۆڵی گروپی حەماسدایە ڕایدەگەیەنێت" لە کاتی تەقینەوەیەکدا لە نەخۆشخانەی (ئەلئەهلی ئەلعەرەبی) لەم کەرتە، لانیکەم ٥٠٠ کەس کوژراون و بە سەدان کەسیش برینداربوون.

بەگوێرەی ئاژانسە هەواڵییە نێودەوڵەتییەکان، وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەزە ڕۆژی سێشەممە پشتڕاستی کردەوە کە " تەقینەوەکە بەهۆی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیلەوە بووە".

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، ئەگەر پشتڕاست بکرێتەوە، ئەوا ئەو هێرشە دەبێتە کوشندەترین هێرش لە جۆری خۆیدا لە پێنج جەنگی ئیسرائیلدا لە دوای ساڵی ٢٠٠٨ەوە.

وەزارەتی تەندروستی غەززە ڕایگەیاند، تا ئێستا سەدان قوربانی لەژێر داروپەردوودا ماون، نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەتی حەماس ئەم هێرشەی بە "تاوانی جەنگ" ناوبررد.

لە ماوەی یازدە ڕۆژدا کە بەسەر هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و دواتر بۆردومانی ئیسرائیل تێپەڕیوە، چەندین نەخۆشخانە کە دەکەونە کەرتی غەززە بوونەتە پەناگە بۆ دانیشتوانی ئەم ناوچەیە.

 ئەمە لە کاتێکدایە کەناڵی ئێران ئینتەرنەشناڵ بڵاوی کردۆتەوە کە "ئیسرائیل ڕایگەیاندووە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی سوپای وڵاتەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە تەقینەوەکەی نەخۆشخانەیەکی غەززە پەیوەندی بە هێرشەکەی ئیسرائیلەوە نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەڵدانی موشەکێکی شکستخواردووی حەماسەوە بووە و لیکوڵینەوەکانمان بەردەوامن".

هێرشی حەماس بۆ سەر شار و شارۆچکەکانی ئیسرائیل لە ١٥ی ئۆکتۆبەر، بووە هۆی بەردەوامی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، لانیکەم هەزار و ٤٠٠ ئیسرائیلی کوژراون.



PM:10:41:17/10/2023