دوایین زانیارییەکان لەبارەی مووچەی فەرمانبەران دەخرێتەڕوو

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" بڕیارە لە ساڵی ٢٠٢٤ کێشەی مووچە بەتەواویی چارەسەر بکرێت و مووچەی خانەنشینی هەرێم هاوتای خانەنشینی عێراق بکرێت". 

سۆران عومەر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمشەو چوارشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لە بەرنامەی (تاوتوێی) کەناڵی (ئێن ئاڕ تی) رایگەیاند" دوای ئەوەی شاندەکەی هەرێم لیستی موچەخۆران و هەموو داتاکانی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکانی خستە بەردەست لیژنەی دارایی عێراق گرژییەکانی رابردوو رەوینەوە و هەردوولا گەیشتن بە لێکتێگەیشتن و نزیکبوونەوەیەکی زۆر باش". 

وتیشی" دەستەی چاودێری دارایی بەغدا دانی بەوە ناوە کە لە هەرێمی  کوردستان زیاتر لە ١ ملیۆن و ٢٥٥  هەزار موچەخۆر هەن و بڕی ٩١٣ ملیار ٦٢٣ ملیۆن دیناریان بۆ دابیندەکرێت، دەبێت ئامادەکاری تەواو بکرێت بۆ گۆڕانکاری لە یاسای بودجەی ٢٠٢٤دا هەتاکو کێشەی مووچە بە یەکجاری چارەسەرەبێت". 

ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رەزامەندی دەربڕیووە مووچەی خانەنشینانی هەرێم هاوتای مووچەی خانەنشینانی بەغداد بکرێت بەشێوەیەک مووچەی هیچ خانەنشینێک لە ٤٠٠ هەزار کەمتر نەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆسەی بە ئەلکترۆنیکردنی مووچە چووەتە جێبەجێکردنەوە و تا ئێستا پێنج بانکی عێراق ئامادەییان بۆ گرتنەدەستی ئەم پڕۆسەیە دەربڕیووە.

لای خۆشیەوە نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاندووە" ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری ناردنی (٧٠٠) ملیار دینارەکەی بۆ مووچەخۆران داوە و هیچ رێگرییەک نییە لەبەردەم ناردنی ئەو پارەیە کە پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا پارەکە بنێردرێت". 

دوێنێ شاندێکی هەرێم بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب گەیشتنە بەغدا و ئەمڕۆش لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و تەیف سامی وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵ کۆبوونەوە و تێیدا ڕاپۆرتێک لەسەر پرسی بوودجە و مووچەی هەرێم خرایەڕوو.


PM:11:02:18/10/2023