ئیسرائیل داوای لە باڵیۆز و سەرجەم دیپلۆماتەکانی کرد تورکیا جێبهێڵن و بەرەو ولاتی خۆیان بگەڕێنەوە.
دوێنێ پێنجشەممە ١٩ی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ میدیاکانی تورکیا ڕایانگەیاند" ئیسرائیل داوای لە ئیریت لیلیان، باڵیۆزی ئیسرائیل لە تورکیا و سەرجەم هاووڵاتیان و دیپلۆماتەکانی وڵاتەکەی کردووە، کە تورکیا بەرەو ئیسرائیل جێبهێڵن".
بەپێی زانیارییەکان ئەم بڕیارە بەهۆی نیگەرانی ئەمنییەوە دراوە و بڕیارێکی کاتییە و دوای شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، بەشێک لە هاووڵاتیانی تورکیا بەردەوامن لە ناڕەزایی دەربڕین لە دژی ئیسرائیل، لەبەردەم باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا گرددەبنەوە.
جێگەی ئاماژەیە جگە لە ئیسرائیل، وڵاتانی دیکەش ڕێوشوێنی خۆپاراستنیان لە تورکیا گرتووەتەبەر، لەوانەش ئەمریکا، کە کۆنسوڵخانەکەی لە ئەدەنە بەشێوەیەکی کاتی داخستووە.
شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس ٧ی ئۆکتەبەر لە ئەنجامی هێرشێکی ناکاوی حەماس بۆسەر ئیسرائیل دەستی پێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە و بە هەزاران کەس کوژراون یان بریندارن و یان بەدیل گیراون و کاردانەوەی وڵاتانی جیهانی لێکەوتۆتەوە.