ئەمریكا رۆژی شەممە رەشنوسی بڕیارنامەیەكی ئاراستەی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد كە تێیدا هێرشی گروپی حەماس بۆ سەر ئیسراییل مەحكوم دەكات. هەروەها داوا لە ئێران دەكات چەك و چۆڵ بۆ حەماس نەنێرێت.
بە پێی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز، لەو رەشنوسەدا جەخت لەسەر مافی ئیسرائیل بۆ بەرگری لەخۆكردن كراوەتەوە و داواش لە كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات دەست لە پشتیوانیكردن و ناردنی چەك و چۆڵ بۆ "میلیشیا و گروپە تیرۆریستییەكان" هەڵبگرێت.
لە رەشنوسەكەدا هەروەها جەخت لەسەر پێویستیی ناردنی بەردەوامی یارمەتی مرۆڤ دۆستانە بۆ غەزە دەكاتەوە. ئەمەریكا لەو رەشنوسەدا كە ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایشی كردوە داوای ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و غەزەی نەكردوە، بەڵام جەختی لەسەر ئازادكردنی سەرجەم بارمتەكان دەكاتەوە.
شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەردەستی پێکرد و تائێستاش بەردەوامە و بە هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە یان بریندارن یان بەدیل گیراون و کاردانەوی وڵاتانی جیهانی لێکەوتەوە.