سەرۆکی فەرەنسا گەیشتە ئیسرائیل

دوای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس کە ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە بەردەوامە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا گەیشتە ئیسرائیل. 

کۆشکی ئیلیزێ بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا گەیشتە تەلئەبیب، بڕیارە لەگەڵ سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی ئیسرائیل کۆببێتەوە، هەروەها ماکرۆن گفتوگۆ لەبارەی چارەنووسی ئەو فەرەنسیانەی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بە بارمتە گیراون تاوتوێ دەکات". 

کۆشکی ئیلیزێ جەختیش دەکاتەوە، فەرەنسا جەخت لە پاراستنی کەسانی سڤیل و ژێرخانەکان دەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ماکرۆن پێشنیاریش بۆ سەرۆکی دەوڵەت دەکات کە "پرۆسەی ئاشتی ڕاستەقینە دەستپێبکاتەوە"، بەمەبەستی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین، وڵاتانی ناوچەکەش لە بەرامبەردا پابەندبن بە ئاسایشی ئیسرائیل.

ڕاشیگەیاندووە" سەرۆکی فەڕەنسا پێدەچێت دانوستان لەگەڵ مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین، عەبدوڵڵای دووەم پاشای ئوردن، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و سەرکردەکانی کەنداو ئەنجام بدات". 

پێشتریش هەریەک جۆ بادن سەرۆکی ئەمریکا و ئۆلاف شۆڵز ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و ڕیشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و جۆرجینا میلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا سەردانی ئیسرائیل-یان کردبوو. 

ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە و بەپێی دوایین ئامارەکان تائێستا زیاتر لە هەزار و ٤٠٠ ئیسرائیلی کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.

هاوکات هەزار و ٣٠٠ هاوڵاتی فەڵەستینی کوژراون و نزیکەی ١٦ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.


AM:08:33:24/10/2023