هەڵەبجە.. تۆمەتبارێك دوو پۆلیس بریندار دەكات

لە پارێزگای هەڵەبجە دوو كارمەندی پۆلیس لەكاتی هەوڵدان بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارێك، لەلایەن تۆمەتبارەكەوە تەقەیان لێدەكرێت و بریندار دەبن.

ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "مەفرەزەی هاوبەشی هەردوو بنكەی پۆلیسی هەڵەبجە و پۆلیسی  فریاكەوتن، هەوڵی دەستگیركردنی تۆمەتبارێك-یان دا كە لەلایەن دادگاوە داواكراو بوو، بەڵام تۆمەتبارەكە بە چەكی كڵاشینكۆف تەقەی لە مەرزەكەی پۆلیس كردو لەئەنجامدا دوو كارمەندی پۆلیس بریندار بوون".

باس لەوەشکراوە، دوای رووداوەكە، هێزەكانی پۆلیسی هەڵەبجە توانییان تۆمەتبارەكە بەناوی (ن.ك) دەستگیر بكەن، كە تەمەنی ٣٨ ساڵەو دانیشتووی گەڕەكی شێخ ئیسماعیلە لە هەڵەبجە.

پۆلیسی هەڵەبجە ئاشكرایكردووە، تۆمەتبارەكە دوو فەرمانی دەستگیركردنی هەیەو هەشت  دۆسیەی  لێكۆڵینەوەشی بۆ كراوەتەوە بەپێی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن و هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت، هەروەها پێشینەی تاوانی هەیە و دوو جاریش لە دادگای كەتنی هەڵەبجە بۆ ماوەی ساڵێك و شەش مانگ سزادراوە.


PM:04:48:24/10/2023