دادگای سلێمانی: جەمال عەبدوڵا لەسەر کاری رۆژنامەوانی دەستگیرنەکراوە

دادگای سلێمانی روونکرنەوە لەسەر دەستگیرکردنی جەمال عەبدوڵا دەدات و رایگەیاند "ناوبراو بەپێی ماددەی (٤١٢)ی یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و پاش دەستگیردنیشی دانیناوە بە ئەنجامدانی تاوانەكەی".

سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە "بەشێك لە كەناڵەكانی راگەیاندن، تۆمەتی ناڕەوا دەدەنە پاڵ دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی، گوایە تۆمەتبار (جەمال عەبدوڵا) لەسەر كاری رۆژنامەوانی راگیرابێت".

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "لێرەوە بەهەموو لایەكی رادەگەیەنین كە ناوبراو بەپێی ماددەی (٤١٢)ی یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و پاش دەستگیردنیشی دانیناوە بە ئەنجامدانی تاوانەكەی، وە ئەو كەیسە دوور و نزیك هیچ پەیوەندییەكی نییە بە كاری رۆژنامەوانییەوە، بەڵكو تۆمەتبار كە ئێستا راگیراوە، بەهۆكاری ئەوە راگیراوە، پێش چەند ساڵێك بە كلكە دەمانچە لە هاووڵاتییەكی داوەو بەڕێژەی ٣٪ تووشی عیجزی كردووە و ئەویش هەر ئەوكاتە سكاڵای لەدژی ئەو تۆمەتبارە تۆمار كردووە و فەرمانی دەستگیردنی بۆ دەرچووە و چەندین جار جەختی لێكراوەتەوە و داوای لێكراوە بێتە بەردەم دادگای تاوانەكانی سلێمانی بۆ ئەوەی دادگایی بكرێت وەكو تۆمەتبارێك، بەڵام نەهاتووە و نەگوێی بەیاسا داوە و نە رێزی لە دادگا گرتووە، بۆیە لەكاتێكدا خۆی هاتۆتە دادگا بەهۆی كەیسێكیترەوە كە شایەت بووە تیایدا، دادوەری ئەم كەیسە پێی زانیوە و بڕیاری راگرتنی داوە تا ئەو كاتەی دادگا دۆسیەكەی یەكلایی ئەكاتەوە و بڕیار لە چارەنوسی دەدات".

دادگای سلێمانی دەڵێت "لەكۆتاییدا ئەوەش رووندەكەینەوە كە رۆژنامەنووس و میدیاكارانی بەڕێز لە دادگاكانی سەربە سەرۆكایەتیمان رێزلێگیراون و لەكاتی بوونی هەر گرفتێك كە لەچوارچێوەی كاری رۆژنامەوانی بێت بەپێی یاسای رۆژنامەوانی مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، نەك لەهەموو تاوانێك كە ئەنجامی بدات وەكو هەر كەسێكی تر و  لەدەرەوەی كاری رۆژنامەوانی.. وە داوا لە دەزگاكانی راگەیاندن و میدیا دەكەین كە پابەندی ئیتیكی كاری رۆژنامەوانی بن و هەواڵ و بابەتەكان وەكو خۆی بۆ رای گشتی بگوازنەوە دوور لە چەواشەكاری و بەلاڕێدا بردن و پارێزگاری لە خراپەكاران نەكەن".

رۆژی یەکشەممە ٢٢ی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ جەمال عەبدوڵا، رۆژنامەکاری ئێستای پارتی و پێشوتری یەکێتی  کە ماوەی چەند ساڵێکیش وتەوبێژی حکومەتی هەرێم بووە لە سڵیمانی دەستگیرکرا.



PM:09:56:24/10/2023