خوشکی ئەو مامۆستایەی گیانی لەدەستدا: هەموو بەڵگەکان ئاشکرادەکەم

خوشکی جیهان تەها لەبارەی گیان له‌ده‌ستدانی خوشکەکەی ڕایدەگەیەنێت" جیهان نەیدەویست ئاگاداری ژیانی هاوسەرێتی ئەو بین و دەیویست بە تەنها خۆی چارەسەری کێشەکانی بکات". 

جەیلان تەها خوشکی جیهان تەها، ئەو مامۆستا وانەبێژەی شەوی ڕابردوو، بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەی له‌ ده‌ڤه‌ری بارزان گیانی له‌ده‌ستدا لە کۆمێنتی دوا پۆستەکانی جیهاندا هاوسەرەکەی جیهان تۆمەتبار دەکات و دەڵێت" هەموو بەڵگەکان بڵاودەکەمەوە خەڵکینە چاوەڕێبن، جیهان نەیدەویست  ئاگاداری ژیانی هاوسەرێتی ئەو بین و دەیویست بە تەنها خۆی چارەسەری کێشەکانی بکات، بۆیە ئێمە نەمان دەتوانی هیچ بکەین". 

دەشڵێت" ئەمە چ کلتوورێکە محمەد خەونەکانی جیهانت برد، ژیانی جیهانت داگیرکرد، ژیانی ئەوت وێران کرد، ئێمە متمانەمان پێکردی محەمەد، دایکم خانوویەکی بۆ جیهان و تۆ بەجێهێشت بۆ ئەوەی ژیانێک دروست بکەن، نەئەبووایە تۆ ئەمەت بکردایە، باوکم سەیارەیەکی بۆ جیهان جێهێشت، تۆ هیچت نەبوو، وەک شازادەیەک ئەژیای تەریق نابیتەوە؟". 

جەیلان تەها لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا ڕاشیگەیاندووە" جیهان کاری دەکرد بۆ ئەوەی دوو کوڕەکەی بەخێو بکات، تۆ چەندین ساڵ کارت نەبوو بۆ ئەوەی دوو کوڕەکەت و ژنەکەت بەخێوبکەیت، تۆ ڕێگەت بە خێزانەکەتدا بێنە خانووەکەی دایکمەوە بۆئەوەی لە جیهان بدەن، تۆ شەرم ناکەیت لە خۆت؟، جیهان تۆی نەئەویست بۆچی زۆرت لێکرد؟ من ئەوە ئەکەم کە جیهان ئەیویست، چاوەڕێم بکە، تۆ ئەمەت ئەویست لەبەرئەوەی تۆ و کەلتوورەکەت جیابوونەوە قبوڵ ناکەن، چاوەڕێکە تا بەڵگەی زیاتر بڵاودەکەمەوە و واز لەم کەیسە ناهێنم". 

جیهان تەها په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كان به‌شی شانۆی تەواوکردووە و لە چەندین کورتە فیلم و شانۆدا بەشداریکردووە، ماوەی چەند ساڵێکە بۆتە مامۆستای وانەبێژ، شەوی رابردوو لە گوندی هەڤنکا لە سنووری پارێزگای هەولێر ئۆتۆمبێلەکەی وەرگەڕا و ئاگری گرت و لە تەمەنی ٣٥ ساڵی گیانی لەدەستدا. 


PM:09:13:27/10/2023