خانەوادەی ئارمیتا گەڕاوەند رایدهگهیهنن" ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران رێگە نادەن تەرمی کچەکەمان بگوازرێتەوە بۆ کرماشان، بهڵكو له تاران بهخاك دهسپێردرێت".
بەپێی هەواڵێکی رێكخراوهكانی مافی مرۆڤ، ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بنەماڵەی ئارمیتا گەڕاوەندیان وتووه، رێگە نادرێت تەرمی کچەکەیان بگوازرێتەوە بۆ کرماشان، كه بهیانی ئهمڕۆ له تاران گیانی لهدهستدا.
کەسێکی نزیکی بنەماڵەی گەڕاوەند بە رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاوی راگەیاندووە" ناوەندە ئەمنییەکان وتویانە خۆیان لە بەهەشتزارای تاران تەرمی ئارمیتا بهخاك دهسپێرن، ئەو بڕیارەش دژکردنەوەی توندی بنەماڵەی گەڕاوەندی لێکەوتوەتەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، تیمێکی پزیشکی سەربەخۆی پێکهاتوو لە پزیشکانی بێسنور و کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سور (نوسینگەی خاچی سور لە تاران) بە ئامادەبونی نوێنەری کۆمیتەی بەدواداچون بۆ دۆزینەوەی راستییەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان لەسەر دۆخی ئێران ئامادهبون لێکۆڵینەوە و بەدواداچون بکەن، بەڵام ناوەندە ئەمنییەکان نەک هەر ڕێگەیان بە پێکهێنانی لیژنەی بەدواداچون بۆ راستییەکان نەدا، بەڵکو ئەو رۆژنامەنوسانهش کە بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی ئارمیتا چونەتە نەخۆشخانەی فەجر، دەستبەسەركراون.
ئارمیتا گەڕاوەند کچێکی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی کرماشانه کە ٢٨ ڕۆژ پێش ئێستا بەهۆی لێدانی هێزە ئەمنییەکانی پاراستنی حیجابی زۆرەملێ لە میترۆی تاران، چووە حاڵەتی کۆما و بۆ نەخۆشخانەی فەجری هێزی ئاسمانی تاران گواسترایەوە، بهیانی ئەمڕۆ شهممه گیانی لەدەستدا.