ئەمڕۆ مامۆستایانی ناڕازی لە ١٣ شار خۆپشاندان ئەنجام دەدەن

سەرباری داواکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام، و داواکاری وەزیری پەروەردەی هەرێم بۆ دەستپێکردنەوەی دەەام ، بەڵام بایکۆت لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بەردەوامە و  ئەمڕۆش لە ١٣ شار خۆپیشاندان دەکرێت.

بە پێی ڕاگەیەندراوێکی مامۆستایانی ناڕازی،"بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠ی بەیانی، لە سلێمانی، هەڵەبجە، ڕانیە، کەلار، چەمچەماڵ، کفری، شارەزوور، سەیدسادق، دەربەندیخان، قەڵادزێ، دوکان، پێنجوێن و کۆیەی سنووری پارێزگای هەولێر خۆپیشاندان بکرێت".


مامۆستایان رایانگەیاندووە کە چەند مەرجێكیان داناوە بۆ شكاندنی بایكۆت و كردنەوەی هۆڵەكانی خوێندن  کە بریتین لە"

١ــ پێدانی دوو مووچە.

٢ــ دەست پێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی بێ مەرج، کە دەتوانن ئەو کارە بکەن، کە لەدەسەڵاتی خۆتاندایە و بێ هیچ یاسایەک وەستاندوتانە.

٣ـ بەڵێندان بەدامەزڕاندنی وانەبێژان لەسەرەتای ساڵی داهاتوو تا لە وەرزی دووەم بایکۆت نەکرێتەوە.

٤-لەكاتی هەمواری یاسای بودجە ڕازی ببن بەوەی مووچەی مووچەخۆران و مامۆستایان بخرێتە سەر وەزارەتی دارایی عێراق و بانکە عێراقییەکان".


لە کاتێکدا بەرەو دەستپێکی مانگی ١١ دەچین، هێشتا فەرمانبەران مووچەی مانگی هەشتیان وەرنەگرتووە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەرپرسیارێتی دواکەوتنی مووچە دەخاتە ئەستۆی بەغدا.



AM:09:17:29/10/2023